بە مەبەستی رێکخستنەوەی بەشی (VIP) فڕۆکەخانەی سلێمانی لەسەر فەرمانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی
یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بڕیارێک لە فڕۆکەخانەی
سلێمانی دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا
ئاماژەی بەوەکرد:" بە مەبەستی رێکخستنەوەی بەشی (VIP)
فڕۆکەخانەی سلێمانی لەسەر فەرمانی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و قوباد
تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ گەشتیارانی پلە بەرز، لەمەودوا کار بە
رێنمایی ئەنجومەنی وەزیران لە فڕۆکەخانەکەدا دەکرێت".
ئەوەشی خستەڕوو:" بڕیارەکە سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆکی هەرێم و
جێگرەکانیان، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و جێگرەکانیان، سەرۆکی پەرلەمانی
عێراق و هەرێم و وەزیرانی عێراق و هەرێم و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و هەرێم
دەگرێتەوە، هەروەها ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی و سکرتێری حزبەکان و
سەرکردایەتی یەکێتی دەگرێتەوە، لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکە".
راشیگەیاند:" بڕیاردراوە ئەو کەس و لایەنانەی ئاماژەیان پێکراوە،
میوانیان لەگەڵدا بێت، میوانەکانیان دەخرێنە بەشی (CIP)یەوە
و کە خزمەتگوزاری ئەم بەشە لە بەرامبەر بڕێک پارەدایە، هەروەها بڕیاردراوە هەفتانە
ناوی سەرجەم میوانانی بەشی vip بە لیستێک رەوانەی هەردوو نووسینگەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی
یەکێتی و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، بە مەبەستی
چاودێریکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە".