وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان
رایگەیاند، کامیلی حاجی عەلی رابەری شەرعی و یاسایی بزووتنەوەی ئیسلامییە لە
کوردستان، دەشڵێت، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا زانیاری نوێ لەبارەی
بزووتنەوەکەوە دەخرێتەڕوو.
محەممەد بازیانی وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی لە
کوردستان سەبارەت بە رابەری بزووتنەوەکە رایگەیاند:" هەردوو مەڵبەندی بزووتنەوەی
ئیسلامی لە کورستان لە هەولێر و رانیە پەیوەندییان پێوەکردووین پشتگیری خۆیان بۆ
دەربڕیوون، بەو پێیەش کامیلی حاجی عەلی رابەری یاسایی و شەرعی بزووتنەوەی
ئیسلامییە".
ئەوەشی خستەڕوو:" لەماوەی چەند رۆژی
داهاتوودا، زانیاری نوێ لەبارەی بزووتنەوەی ئیسلامی لە کوردستان
بڵاودەبێتەوە".
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت، رۆژی یەکشەممەی
رابردوو، کامیلی حاجی عەلی لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندامانی بزووتنەوەی ئیسلامی لە
کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا خۆی بە رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی لە
کوردستان ناساند، لە کاتێکدا، لە کۆنگرەی ١٢هەمینی بزووتنەوەکە، کە مانگی شوباتی
رابردوو ئەنجامدرا، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز وەک رابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی
لە کوردستان هەڵبژێردرا، کە بۆ ماوەی دوو خولی پێشووتریش رابەری بزووتنەوەکە بوو.