بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی
کوردستان رایگەیاند، نابێت جارێکیتر بەرژەوەندییەکانی خەڵک و پرسە نەتەوەیی و
نیشتمانییەکان تێکەڵی ململانێ سیاسییەکان بکرێت، دەشڵێت پێویستە رێچکەی مام جەلال
بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی وڵات.
نووسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:" بافڵ جەلال
تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و د.لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عیراق
و جێنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق لە
ماڵی مام لە بەغدا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد لەبارەی دۆخی گشتی وڵات، پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ،
پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر و تێپەڕاندنی ئەو دۆخە سیاسییە چەقبەستووەی عیراقی
تێکەوتووە". .
ئەوەشی خستەڕوو:" کۆبوونەوەکە
جەختی لە دیالۆگی نیشتمانی نێوان لایەنەکان کردەوە بۆ تەواوکردنی رێککارە یاسایی و
دەستوورییەکان و دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز و خزمەتگوزار کە وەڵامدەرەوەی خواستی
هەمووان بێت و ببێتە مایەی سەقامگیری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و پارێزەری مافی
هەموو گەلانی عیراق بێت"..
هەروەها، لە کۆبوونەوەکەدا ھەرسێ لایەن پەرۆشی خۆیان بۆ
بەهێزکردنی پایەکانی دەوڵەتداری، چەسپاندنی دەسەڵاتی دادوەری و فەراهەمکردنی ژینگەیەکی
لەبار بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و رێگریکردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دەربڕی.
داواشکرا دامەزراوە دەستوورییەکان دوور لە جیاکاری خزمەتی هەموولایەک بکەن و کار بۆ
چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بکەن.
بە گوێرەی
راگەیەندراوەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە
چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور کردەوە و ئاماژەی
بەوەکرد، نابێت جارێکیتر بەرژەوەندییەکانی خەڵک و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان تێکەڵی
ململانێ سیاسییەکان بکرێت.
ئەوەشی
خستەڕوو:" پێویستە رێچکەی مام جەلال بگرینەبەر و گفتوگۆ و دیالۆگ بکرێنە بنەمای
چارەسەرکردنی کێشەکان".