شارەزایەکی کەشناسی رایگەیاند، لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەدواوە هەورەکان لە ئاسمانی هەرێمدا چالاک دەبن و لە هەندێ ناوچەش تاوەبارانی بەخوڕ دەبارێت.
ئەمڕۆ شەممە، ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی هەرێم لە پێشبینییەکدا دەڵێت:" لە ئێستاوە کەش تا کاتەکانی نیوەرۆ زیاتر ئاسایی دەبێت و لە کاتەکانی نیوەرۆ بەدواوە پێشبینی چالاکبوونەوەی ھەورەکان دەکەین لەئاسمانی ناوچەکەدا بەشێوەی تاوە بارانی بەخوڕ و روودانی ھەورە تریشقە، بەتایبەت بەرێژەی زیاتر لەناوچە شاخاوی و جیاجیاکانی سنوری پارێزگای دھۆک و ھەولێر و ئیدارەی راپەرین کاریگەری دەبێت، بەڵام لە ناوچەکانی دیکە ئەگەری باران بارین کەمتر دەبێت".
دەشڵێت:" تا کاتەکانی ئێوارە ئەم دۆخە بەردەوامی دەبێت دواتر لەسنووری پارێزگای دھۆک کۆتایی پێدێت و لە درەنگانی شەودا بۆ بەرەبەیانی سبەی یەکشەمە قۆناغی کۆتایی ئەم ناسەقامگیریە لە بەشێکی ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ناوچە شاخاویەکانی رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر و ئیدارەی راپەرین دەستپێدەکاتەوە و ئەگەری چالاکبوونەوەی چەند تاوێکی بەلێزمەی باران و ھەورە بروسکە دەبێت".