بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر رایگەیاند، توانیویانە هەوڵی هەڵاتنی شەش
تیرۆرست پوچەڵ بکەنەوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر
رایگەیاند:" دوای لێکۆڵینەوەی ورد و
بەدواداچوون بە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان، تواندرا شەش تیرۆرستی
داواکراو بەپێی ماددەی ٤ی تیرۆر دەستگیر بکرێت کە بەنیازبوون لەناو خاکی هەرێمی
کوردستانەوە بەرەو دەرەوەی عێراق هەڵبێن، ئەمە لە کاتێدا بووە ئەو تیرۆرستانە لە
دادگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق داواکرابوون بەهۆی ئەنجامدانی چەندین کاری تیرۆرستی
و وەک بەشداریکردنی شەڕی تیرۆر و کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی".
باسیلەوەشکرد:" دوابەدوای دەستگیرکردن
و کردنەوەی پەراوی لێکۆڵینەوەی ورد هەریەکە لەو شەش داواکراوە بەناوەکانی (م.ص.ص)،
(ع.ع.م)، (م.ع.س)، (ن.ش.م)، (هـ.ش.م)، (ع.ع.ح) رادەستی دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی
فیدراڵی لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی فیدراڵی کران بەمەبەستی رادەستکردنیان بە یاسا".