بافڵ جەلال تاڵەبانی: پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە

کوردستان 02/02/2023

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردندا نین، بەڵام پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی رایگەیاند:" بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد پێشوازیکرد لە ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق".
ئاماژەی بەوەشکرد:" لە دیدارێکدا دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کرایەوە".
باسیلەوەشکرد:" سەرۆکی یەکێتی بە هەنگاوەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دەستپێکی قۆناغێکی نوێی سیاسی و وتی، خەڵکەکەیان قوربانیی سەرەکی ناکۆکییەکانن و پێویستە بەزووترین کات کۆتایی بەو دۆخە نەخوازراوە بهێنرێت، دەبێت رێککەوتنێکی یەکجارەکی بکرێت و چارەسەرێکی بنچینەیی بۆ کێشەکان بکرێت، بۆ ئەمەش دەبێت دەستوور خاڵی یەکلاکەرەوە بێت".
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی روونیشیکردەوە:" لەبارەی دۆخی هەرێم و ژیانی هاوڵاتییانەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرچاوڕوونیدایە باڵیۆزی ئەمەریکا و وتی، ئامانجی ئەوان دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئارام و سەقامگیرە بۆ خەڵکەکەیان، هەموو هەوڵێکیش لەو پێناوەدا دەدەن و ژیانی خەڵک لەسەروو هەمووشتێکەوەیە بۆیان".
جەختیلەوەشکردەوە:" سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش لەوادەی خۆیدا سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، ئەوان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نین، بەڵام پێویستە یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و تۆماری دەنگدەران پاکبکرێتەوە".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا