یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی بوونی گرفتێک لە
دابەشکردنی ئاوی سلێمانی، لەدوێنێوە گرفتی بێ ئاوی لە کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی و
بەشە ناوخۆییەکەی دروستبووە.
د. پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بە BMC راگەیاندووە:" ماوەی دوو رۆژە گرفتێک لە تۆڕی گواستنەوەی ئاو بۆ کەمپی نوێی
زانکۆی سلێمانی دروستبووە و بڕیارە ئەمشەو ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت ".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:" لەئەنجامی ئەو کێشە لەئەمڕۆوە سیستمی گەرمکەرەوە
لە بەشە ناوخۆیی کەمپی نوێ زانکۆکە لەکارکەوتووە، بەهۆیەوە دەوامی سبەینێ کراوە بە
مۆڵەت بۆ ئەو خوێندکارانەی لە بەشە ناوخۆییەکەدا دەمێننەوە ".
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی باسی لەوەشکردووە:" بەڕێوەبەرایەتی
دابەشکردنی ئاوی سلێمانی بەڵێنی پێداوین ئەمڕۆ ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بەڵام
سیستمی بەشەناوخۆییەکە خەزانە و پێنج کاتژمێری دەوێت بۆ ئەوەی پڕ بێت ".
دەشڵێت:" نامانەوێت خوێندکاران ئەمشەو بەبێ گەرمکرەوە لە بەشە ناوخۆیی
بمێننەوە، بۆیە دەوامی سبەینێیان بۆ کراوە
بە مۆڵەت ".
روونیشیکردووەتەوە:" ئەو گرفتە تەنها لە کەمپی نوێی زانکۆ هەیە کە
نزیکەی ١٢ هەزار خوێندکاری تێدایە، کەمپەکانی دیکە کێشەی بێ ئاوییان نییە ".