مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی زێڕینی بلە بەڕێوەچوو

هەمەرەنگ 20/05/2023

Alternate Text

لە سلێمانی مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی زێڕینی بلە بەڕێوەچوو و تیایدا خەڵات بەخشرایە نۆ کەسایەتی دیاری هەرێمی کوردستان، لەوانە، نێرگز عەزیز ناسراو بە " هەرمێی مامان" و د.ئیسماعیل قەمەندار.

ئەمڕۆ شەممە، ٢٠ی ئایار، لە سلێمانی مەراسیمی بەخشینی خەڵاتی زێڕینی بلە بەڕێوەچوو و تیایدا خەڵاتی زێڕینی بلە بەخشرایە نۆ کەس، کە بریتیین لەمانە: 

١- نێرگز عەزیز

نێرگز عەزیز ناسراو بە " هەرمێی مامان"،  لە زیندانەکانی باشووری عێراقدا وەک رزگارکەرێک، بە بەرد و چەند کەرەستەیەکی سادە و ساکار مامانی بۆ ژنانی دووگیان کردووە و ژیانی چەندین ژنی لە مردن رزگارکردووە.

٢- بوار نورەدین

بوار نورەدین، لەماوەی ژیانیدا زیاتر لە ٧٠ کتێبی پێشکەشی کتێبخانە کردووە و پێداچوونەوە و گۆڕانکاری زیاتر لە کتێبدا کردووە، هەروەها بیبلیگرافیای تایبەتی بۆ سەدان کەسایەتی کورد ئامادە کردووە، لەنێویاندا، مام جەلال تاڵەبانی، ئیبراهیم ئەحمەد، نەوشیروان مستەفا و شێرکۆ بێکەس.

٣- مۆرین مەکلەکی

مۆرین مەکلەکی، خاتوونێکی خۆبەخشی سکۆتلەندییە و رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە خزمەتکردنی منداڵانی کوردستان و ھاوکاری کردنی خێزانی کورد لەساڵانی ١٩٩٠کاندا.

٤- د. ئیسماعیل قەمەندار

د.ئیسماعیل قەمەندار، ئاكادیمیست و زانای زمانەوانی كوردە و نووسەری کتێبی (دراسە اللهجات الكردیە الجنوبیە)، کە باس لەكێشەكانی دیالیكتی كوردی لەباشووری كوردستان دەكات و چارەسەری لە هەردوو بەری عێراق و ئێران بۆ داناون.

٥- ئان کلووید

ئان ئانکلوید، سیاسەتمەدارێکی گەورەی بەریتانی-یە و بەردەوام پشتیگری لە دۆزی کورد کردووە، هەروەها بە یەکێک لە داکۆکیکارە سەرختەکانی مافەکانی مرۆڤ و لە هەرێمی کوردستان و عێراق دادەندرێت و لەماوەی کارکردنیدا وەک ئۆپزسیۆن لە پەرلەمانی عێراق، چەند جارێک لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد کۆبووەوە و پێکەوە بەڵگەیان لە دژی رژێمی بەعس کۆکردووەتەوە، کە چۆن پێشێلی مافەکانی کورد و گەلانی عێراق کردووە.

٦- جەنگیز چاندار

جەنگیز چاندار، بە درێژایی ٥٠ ساڵ بە راوێژ و هەماهەنگی لەگەڵ مام جەلال تاڵەبانی و سەرۆکی کۆچکردووی تورکیا تورگوت ئوزال، هەوڵیداوە لەگەڵ شەڕ و جەنگ لەنێوان دەوڵەتی تورکیا و گەلی کورد بگۆڕێت، بۆ ئاشتی و پێکەوەژیان.

٧- مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی
مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی نووسەر، زانای دیار، منەوەر، پارێزەری دەیان دەستنووس، کەشکۆڵی شاعیران، بەڵگەنامەی گرنگی ئەدەبی و مێژووییە.
٨- ئاکۆ جەلیلیان
ئاکۆ جەلیلیان، نزیکەی ٣٠ ساڵی تەمەنی بۆگەڕان بەدوای وشەی پاراوی کوردی لە هەموو ناوچەکانی کرماشان، کەلهوڕ، لوڕ و ناوچەکانی دیکە تەرخان کردووە و زۆرترین وشەی کوردی لە زاری خەڵکی رەسەنی ئەو ناوچانەوە کۆکردووەتەوە و لە ئینسایکلۆپیدیایەک بە ناوی (کوردیکا)دا تۆماریکردوون.
٩- حاکم قاسم ئۆسمان رەڤۆ
حاکم قاسم ئۆسمان رەڤۆ، یەکەم دادوەری ئێزدی بوو، کە بەهەوڵی مام جەلال تاڵەبانی لە هەرێمی کوردستان دامەزراوە، وەک دادوەرێکی ئێزدی و ئاگادار بە یاسا عێراقی و نێودەوڵەتییەکان.

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا