لە سەیدسادق بەهۆی شەڕێکەوە پێنج کەس برینداربوون

کوردستان 23/05/2023

Alternate Text

لە قەزای سەیدسادق بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕ لە نێوان چەند کەسێکدا روویدا و سەرەنجام رووداوەکە پێنج برینداری لێکەوتەوە، بە گوێرەی زانیارییەکانیش، هەردوو لایەنی شەڕەکە کەسوکاری یەکترن.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست بی ئێم سی کەوتووە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، لە قەزای سەیدسادق بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، شەڕ لەنێوان چەند کەسێکدا روویداوە، کە سەرجەمیان خزمی یەکترن.

لە زانیارییەکاندا ئەوە هاتووە، لەدەرئەنجامی شەڕەکە پێنج کەس برینداربوون و دووان لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەی شەهید شەوکەت چارەسەرکراون و سیانەکەی دیکەش بەهۆی سەختی برینەکەیانەوە رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە شاری سلێمانی کراون.

لەبارەی دۆخی بریندارەکانیشەوە، سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی بە بی ئێم سی راگەیاند:" لەئێستادا هەر سێ بریندارەکە لە نەخۆشخانەی شارن و یەک لە بریندارەکان دۆخی تەندروستی ناجێگیرە، چونکە شوێنەواری چەقۆ و فیشەکی پێوەیە.

بی ئێم سی زانیویەتی، سەرجەم بریندارەکان بە چەقۆ، فیشەک بریندارکراون و لەئێستاشدا تەقەکەری ناو شەڕەکە دەستگیرکراوە.

 

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا