قائیمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، "بەهۆی ناتەباییەوە و نا تووندووتۆڵی پەیوەندییەكانمەوە ناحەزان هەرجارە و بە شێوازێك هەل دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی زەفەرمان پێبەرن".
رەمەك رەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" هەرێمەكەمان لە هەر چوارلاوە بە دوژمن دەورە دراوە و بەهۆی ئەوەی لەنێو هەرێمەكەشمان ناتەباین و لەگەڵ یەكدا پەیوەندییەكانمان تووندوتۆڵ نین، بۆیە ناحەزانمان لە هەر هەلێكدا چانس دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی زەفەرمان پێبەرن".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" خۆشبەختانە ئەو هێرشەی شەوی رابردوو كرایە سەر كێڵگەی كۆرمۆر هیچ زەرەر و زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە و تیمەكانی پاراستنی كێڵگەكە شانە بە شانی هێزەكانی كۆماندۆ و هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیسیش چوونەتە شوێنی رووداوەكەوە".
باسی لەوەشكردووە:" لێكۆڵینەوەكان لە رووداوەكە دەستیان پێكردووە، بۆئەوەی سەرچاوەی ئەم هێرشانە بدۆزرێنەوە و ئاشكراشبكرێت كە كێیان لە پشتەوەن، دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەکانیش دەگێڕینەوە بۆ راگەیەندراوی فەرمی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان".