رێکخراوێکی سویسڕی
ئاشکرایکرد، لە ئەفغانستان ١٨ کارمەندیان لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە
دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستاش هۆکارەکەی نازانن.
نوێنەری هاوکاری نێودەوڵەتی
کە رێکخراوێکی ناحکومی سویسڕییە رایگەیاند:" دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە
ئەفغانستان ١٨ کارمەندی رێکخراوەکەمانیان لە پارێزگای غور دەستگیرکردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد:"
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەکمان لەبارەی ئەو تۆمەتەوە بەدەستنەگەیشتووە کە بووەتە
هۆی دەستگیرکردنی کارمەندەکانمان و بۆیە ناتوانین لێدوان لەبارەی بارودۆخەکەوە
بدەین".
باسیلەوەشکرد:" هەر
تۆمەتێک بخرێتە پاڵ رێکخراوەکەمان یان کارمەندێکمان، راستەوخۆ بەدواداچوون دەکەین
و چاوبە هەر بەڵگەیەکدا دەکەین کە خرابێتەڕوو".
شایەنی باسە تاوەکو
ئێستا دەسەڵاتدارانی تاڵیبان هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەوە
بڵاونەکردووەتەوە.