ئێران و ئەمەریکا ئەمڕۆ دیل بە دیل دەکەن

جیهان 18/09/2023

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

بڕیارە ئەمڕۆ تاران پێنج زیندانی ئەمەریکا ئازاد بکات و لە بەرامبەریشدا واشنتۆن پێنج بەندکراوی ئێران ئازاد بکات.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە:" قەتەڕ رەزامەندی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ئەو شەش ملیار دۆلارەی ئێران کە لە وڵاتەکەدایە، لە رێگەی فڕۆکەوە بگوازرێتەوە بۆ تاران".
هاوکات مالپەری BBC ئاماژەی بەوەکرد:" پێنج هاوڵاتی ئێرانی – ئەمەریکی، کە لە زیندانەکانی ئێران دەستبەسەر کرابوون، ئەمڕۆ بەمەبەستی ئاڵوگۆڕپێکردنیان بەرامبەر شەش ملیار دۆلاری دەستبەسەرکراوی ئێران، رەوانەی قەتەڕ دەکرێن و لەوێشەوە بۆ ئەمەریکا".
لە هەمانکاتدا ناسڕ کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونیکردەوە:" ئومێدمان وایە کە ئەمڕۆ ئاڵوگۆڕەکەی نێوان ئێمە و ئەمەریکا ئەنجامبدرێت و ئێمە دەستمان بە پارە دەستبەسەرکراوەکە بگاتەوە".
وتیشی:" بڕیارە پێنج هاوڵاتی ئێرانی کە لە ئەمەریکا بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی سەر ئێران بەندکراون ئازادبکرێن، دووانیان دەگەڕێتەوە ئێران، دووانیشیان لە ئەمەریکا دەمیننەوە و یەکیکیشیان روودەکاتە وڵاتێکی دیکە"
ئەمە لەکاتێکدایە، سەرۆککۆماری ئێران بە مەبەستی بەشداریتکردنی لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەویەکگرتووەکان لە ئێستادا لە ئەمەریکایە و پێشتریش هەردوو وڵات رێککەوتنێکیان سەبارەت بەو پرسە ئەنجامدابوو.
ئەو شەش ملیارەی بڕیارە ئێران وەریبگرێتەوە پێشتر لە بانکەکانی کۆریای باشووردا دانرابوون و دەستیان بەسەرداگیرابوو، ئەویش بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە.



ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا