قوباد تاڵەبانی بۆ حکومەتی عێراق: کاتی موجامەلە نەما و کوا ئەنجام؟

کوردستان 20/11/2023

لەلایەن: محەمەد سەردار

Alternate Text

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، لە زۆربەی کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا بەردەوام ستایشی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەکرێت، بەڵام کاتی ئەوە نەماوە و پێویستە پەیوەندییەکان ئەنجامی باشیان هەبێت.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک ئاماژەی بەوەکرد:" لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم تێگەیشتنێک هەیە کە دەبێت ئەو پەیوەندییەی هەیە بگۆڕدرێت و ببێتە بە پەیوەندییەکی کاراتر، بەسە ئیتر موجامەلە، زۆر موجامەلەی یەکترمان کرد، بەڵام ئەی ئەنجام "؟

وتیشی:" عەقڵیەت و کولتووری بەڕێوەبردنی وەزارەتی دارایی عێراق زۆر دژە فیدراڵییە، راستە یاسای بودجە پەسەند کراوە، بەڵام کە مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان نانێرن سوودی بۆ ئێمە چییە "؟

قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد:" ئەو نادادپەروەرییەی لە بەغدا بەرامبەر ئێمە دەکرێت، لە کێشەکانی بودجە و مووچە لە بابەتی نەوت و گاز، ئەم کێشانە دەیان ساڵە بەردەوامن، دەبێ هاوتەریب پێکەوە کار بکەین و دان بەوەدابنێین رێکخستنەوە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ".

لەبارەی هەبوونی دەستوور لە هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد:" کوردستان پێویستی بە دەستوورە لە چوارچێوەی عێراقدا، بۆ ئەوەی بتوانین حکومەتێکی باشمان هەبێت و هەموو شتێک بکەوێتە سەرپێی خۆی، لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێ عێراق پشتگوێ بخەین، بەتایبەتی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا، دەبێ هەردوو دەستووری عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە بچنە پێشەوە ".

جێگری سەرۆکوەزیران دەڵێت:" دەستووری عێراق بووەتە مێنیۆی رێستورانتەکان، هەر لایەنە و بە دڵی خۆی خواردن هەڵدەبژێرێت، ئەگەر وەک هاووڵاتی پلە یەک سەیر نەکرێیت نووسینەوەی دەستوور هیچ بەهایەکی نییە و کێشەکان چارەسەر ناکەن، ئێمە دەبێ دڵی کێشەکە بزانین، ئەم وڵاتە پێویستی بە رێکخستنەوە هەیە، پێویستە گفتوگۆی راشکاوانە هەبێت، چۆن دەتوانین هەموومان پێکەوە بژین لەناو عێراق و هەرێمی کوردستان ".

قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند:" لەوانەیە دەستووری عێراق پێویستی بە هەموارکردنەوە هەبێت، بەڵام من لەگەڵ ئەوەدام عەقڵیەتەکە هەموار بکرێتەوە، دەتوانین جوانترین دەستوور بنووسینەوە، بەڵام کە ئامادە نەبێت بەهۆی ئەو کێشە ئایدیۆلۆژیایەی هەیەتی لەگەڵ من مووچەکەم بۆ نەنێرێ، سوودی دەستوور و بودجە چییە؟، مووچە نانێرن دەڵێن نەوتتان هەیە، ئێستا کە نەوت رادەستکرا بۆ بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان نانێرن "؟

















ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا