بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی کەسێکی بە تۆمەتی دزینی
بارهەڵگرێک راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند:" دوای ئەوەی
هاوڵاتییەک سکاڵای یاسایی تۆمارکرد سەبارەت بەوەی، پاش ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی پەکی
کەوتووە و بەجێی هێشتووە و کاتێک گەڕاوەتەوە، ئۆتۆمبێلەکەی لێدزراوە، دەستبەجێ
هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەکانیان بۆ دۆزینەوەی و دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد".
ئاماژەی بەوەشکرد:" دوای بەدواداچوونەکان و وەرگرتنی بڕیاری
دادوەر، توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوە و لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی
دزینی ئۆتۆمبێلەوە دەستگیربکرێت، هەروەها دەستیشگیرا بەسەر ئۆتۆمبێلە دزراوەکەدا
کە لە جۆری بارهەڵگرە".
باسی لەوەشکرد:" تۆمەتبار (ر.ج.ع)ی لەدایکبووی ١٩٩٣ دانی بە
تاوانەکەیدا ناوە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ٤٤٦ لە یاسای سزادان
راگیراوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامە".