خەمۆكی پاش منداڵبوون (زەیستان)ی چییە؟!

تەندروستی 06/02/2024

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكان لە بارەی خەمۆكی پاش منداڵبوون زانیاری خستەڕوو.

 جەعفەر عومەر، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" خەمۆكی یەكێكە لە نەخۆشییە دەرونییە بەربڵاوەكان و جۆرێكی سەرەكی خەمۆكی بریتییە لە خەمۆكی لە دوای منداڵبوون، كە بە خەمۆكی زەیستانیش ناودەبرێت".

باسی لەوەشكردووە:" ئافرەتان دوای منداڵبوون بە گشتی توشی حاڵەتی بێتاقەتی، خەفەت و دڵتوندی دەبن، بەشێوەیەك كە كارناكاتە سەر ژیانی ئاساییان و نیشانەكان لە ماوەی دوو هەفتەی یەكەمدا دەردەكەون و دواتر نامێنن".

باماژەی بەوەشكردووە:" ئەم حاڵەتەش بە نەخۆشی هەژمارناكرێت و زۆربەی ئافرەتان پاش چەند هەفتەیەك ئەو دڵتوندی و بێتاقەتییەیان نامێنێت".
روونیشی كردووەتەوە:" بەڵام هەندێك لە ئافرەتان توشی نەخۆشی خەمۆكی دوای منداڵبوون دەبن كاتێك كە نیشانەكانیان توند دەبن و كاردەكاتە سەر ژیانیان". 

نیشانەكان بۆ ناسینەوەی ئەم جۆرە لە خەمۆكی بریتیین لە:
- هەستكردن بە دڵتوندی و گریان.

- توشی خەوزڕان دەبێت و خەوی تێكدەچێت.

- ئیشتیهای خواردنی نامێنێت یان هەندێكجار ئارەزووی خواردنی زۆر دەبێت.

- هێز و وزەی دادەبەزێت و توانای ئیشەكانی رۆژانەی نامێنێت.

- چێژ لە خۆشییەكانی ژیانی نابینێت و ئارەزی هیچی نییە.

- سەبارەت بە منداڵەكەی ناتوانێت پەیوەندی لەگەڵ دروستبكات یان هەندێكجار بیری هەڵە سەبارەت بە منداڵەكەی دێت بە مێشكیدا و دەیەوێت زیانی پێبگەیەنێت.

- ناتوانێت خزمەتی منداڵە تازە لەدایكبووەكە بكات.

- تورەبوون و هەڵچوون و بێئۆقرەیی.

- گۆشەگیری و دابران لە كۆمەڵ و خێزان.

- بیری خۆكوژی و خۆبەكەمزانینی هەیە.

هۆكارەكانی توشبوون زۆرن، بەڵام بە گشتی ئەو ئافرەتانەی كە ئەم خالانەیان تیادایە ئەگەری زیاتریان هەیە توشی خەمۆكی دوای منداڵبوون ببن:

- نەبوونی پشتیوانی كۆمەڵایەتی و هەستوسۆزی.

- بوونی گرفت و نەخۆشی دەروونی لە پێش سكپری.

- بوونی فشاری دەروونی و گرفتی خێزانی.

- سكپرییەكە بەبێ پلان بوبێت و دایباب ئارەزووی منداڵەكەیان نەكردبێت كە بیانبێت.

- لە سكەكانی پێشووتر توشی خەمۆكی بوبێت.

- بوونی نەخۆشی خەمۆكی دوای منداڵبوون لە یەكێك لە خزماندا، وەكو دایكی یان خوشكی.

- منداڵەكە بە نەبەكامی لەدایك ببێت یان كێشەیەكی تەندروستی هەبێت.

- كێشەی هەبێت لەگەڵ هاوسەرەكەی.

بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشییە پێویستە سەردانی پزیشكی دەروونی بكرێت بە مەبەستی دەستنیشانكردن و دیاریكردنی جۆری چارەسەر، كە بەگوێرەی كەسەكان دەگۆرێت، هەندێكجار تەنها بە رێنمایی چارەسەر دەكرێت یان لەوانەیە پێویست بە دەرمان بكات هەتا چاكدەبێتەوە.

ئەم نەخۆشییە لەوانەیە ببێتە مەترسی بۆسەر ژیانی منداڵەكە و دایكەكە ئەگەر بە زووی چارەسەر نەكرێت، لەبەرئەوە پێویستە ئەو كەسانە لەژێر چاودێریدا بمێننەوە و پشتیوانی خێزانی و كۆمەڵایەتییان هەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا