ئەو كەسەی 70 ساڵی تەمەنی لەناو ئامێرێكدا ژیا؛ كۆچی دواییكرد

هەمەرەنگ 13/03/2024

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

پۆوڵ ئەلێكسێندەر، ئەو كەسەی كە پزیشكانی سەرسام كردوو و زیاتر لە حەوت دەیە لەناو ئامێرێكی دەستكردنی ئاسنین بۆ هەناسەدان ژیا ئەمڕۆ گیانیلەدەستدا. 

 بەپێی تۆڕی هەواڵی CNBSی ئەمریكی:" پۆوڵ ئەلێكسێندەر، دوو رۆژ بەر لە ئێستا لە تەمەنی 87 ساڵیدا كۆچی دواییكرد، پۆوڵ خەڵكی شاری داڵاس-ی سەر بە ویلایەتی تێكسسی ئەمریكایە، بەهۆی ئەوەی لەمنداڵیدا تووشی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان بووبوو، كە نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و كاریگەری لەسەر دەمارەكانی ناو بڕبڕەی پشت یان دڕكە پەتك هەیە، لە حاڵەتە سەختەكاندا دەبێتە هۆی ئیفلیجی و كێشەی هەناسەدان و مردن، بۆیە لە نێو ئامێرێكی دەستكردی هەناسەدانی ئاسنیندا دوا تەمەنی خۆی بەڕێكرد".

ئاماژەی بەوەشكردووە:" دوابەدوای ئەمەی پۆڵ لە تەمەنی شەش ساڵیدا و لە ساڵی 1952 تووشی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان بوو، ئیفلیج بوو و تەنیا دەیتوانی سەر و مل و دەمی بجوڵێنێت، دوای دەركەوتنی نیشانەكانی نەخۆشییەكە گەیەندرایە نەخۆشخانە و لەناو ئامێرێكی دەستكردا كە وەك سیی دەستكرد بوو شەو رۆژی بەسەردەبرد، ناوی لێنابوو (ئەو پیاوەی سییەكانی ئاسنیینە) تا كۆتایی ژیانی لەناویدا ژیا".

باسی لەوەشكردووە:" پۆڵ توانی ناوی خۆی تۆمار بكات لە سیستەمی خوێندن و پێگەیاند لە ماڵەوە، بەم شێوەیەش ناوی خۆی تۆماركردووە لە زانكۆ و بڕوانامەی یاسای بەدەستهێناوە، بەڵام بەپێی بیرەوەرییە تایبەتەكانی كە لە مانگی نیسانی ساڵی 2020دا بڵاویكردووەتەوە، نەیتوانیوە ئامێرەكە جێبهێڵێت، بۆیە نەیتوانیوە لەبارەی بڕوانامەكەیەوە كاربكات". 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا