لە رووی فەلەكییەوە وەرزی بەهار دەستپێدەکات

کوردستان 20/03/2024

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ چوارشەممە لە رووی فەلەکناسییەوە دەستپێکی وەرزی بەهارە.

رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان، لە بڵاوکراوەیەکدا رایدەگەیەنێت، بە پێوانە فەلەكییەكان، رۆژی چوارشەممە، کاتژمێر 06:06ی بەیانی، زەوی دەگاتە یەكێک لە خاڵە هەرە ناودارەكانی خۆی لە كاروانی دوور و درێژی خولانەوەی بەدەوری خۆر، ئەویش خاڵی (هاوسەنگبوونی بەهاریی) (Vernal Equinox)ە كە لە هەمان كاتدا مانای نیمچە یەكسان بوونی تەواوی ماوەی نێوان شەوو رۆژ بۆ 12 بە 12 كاتژمێر.
لەكاتی خولانەوەی بە دەوری خۆردا، زەوی سێ خاڵ دروست دەكات و بریتین لە:
1- نزیكترین خاڵ، كە دەستپێكی زستانە لە نیوەگۆی باكوورو دەستپێكی هاوینە لە نیوەگۆی باشوور.

2- دوورترین خاڵ، كە دەستپێكی هاوینە لە نیوەگۆی باكوورو دەستپێكی زستانە لە نیوەگۆی باشوور.

3- دووریی مامناوەند، كە لە نیوەگۆی باكووردا دەستپێكی بەهارەو لە نیوەگۆی باشووریشدا دەستپێكی پاییزە.

رێکخراوەکە دەڵێت، بە پێوانە فەلەكییەكان ماوەی نێوان خۆر و زەوی لە كاتی گەیشتنی بە (دووریی مامناوەند) دەگاتە 149 ملیۆن و 598 هەزارو 23 كیلۆمەتر.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، (هاوسەنگبوونی بەهاریی) یان (Vernal Equinox) لە 20 یان 21 یان بە دەگمەن لە 22 ی ئاداری هەموو ساڵێك دووبارە دەبێتەوە، تیشكی خۆر تیایدا بە شێوەیەكی 100% ی دەكەوێتە سەر (هێڵی یەكسانی)، چونكە بەپێی لاریی تەوەری خولانەوەی زەوی لەسەر خولگەكەی بەدەوری خۆردا بە ئاستی 23 پلە، تیشكی خۆر هەڵبەزین و دابەزین دەكات و لار بوونەوەو ستوونبوون لەسەر هەردوو نیوەگۆیەكانی باكوورو باشووردا بەخۆیەوە دەبینێ، بەمەش گۆڕانكاریی بەرچاو لە پلەكانی گەرمادا سەرهەڵدەدەن و ماوەی شەو و رۆژ درێژبوونەوەو كورتبوونەوە بەخۆیانەوە دەبینن.

دەشڵێت، لەنیوەگۆی باكووردا (وەرزی بەهار) دەست پێدەكات و لەهەمان كاتدا (یەكسانبوونی پاییزی) لەنیوەگۆی باشووردا دەست پێدەكات، واتە لە وڵاتەكانی باشووری هێڵی كەمەری زەوی دەستپێكی پاییزە.

هەروەها، رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان لەبارەی ئەم رۆژە بۆ گەلی کورد دەڵێت، بۆ ئێمەی گەلی كورد و بەشێكی زۆری دیكەی نەتەوەكانی جیهان، بەجیاوازیی كلتوور و داب و نەریتەكانیان، لە رۆژی 21 ی ئاداری هەموو ساڵێك دەبێتە ئاهەنگی دەستپێكی وەرزی بەهارو بێگومانیش لای ئێمەی گەلی کورد بە (نەورۆز) ناسراوە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا