سوودە گرنگەكانی خواردنەوەی ئاو چیین؟!

تەندروستی 28/03/2024

Alternate Text

پزیشكی ‎پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج، زانیاری پێویست دەربارەی سوودەكانی ئاوخواردنەوە دەخاتەڕوو.

 ‎هەڤین كەمال شا محەمەد، پزیشكی ‎پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" ئاو خواردنەوە یەكێكە لە باشترین ڕێگاكان بۆ پاراستنی تەندروستی جومگە، ماسولكەكان، كەمكردنەوەی ئازار و باشتركردنی جووڵە".

ئاماژەی بەوەشكردووە:" لەبەرئەوەی ئاو پێكهاتەیەكی گرنگە بۆ لەشی مرۆڤ و لە 70%ی پێكهاتەی جەستە پێكدەهێنێت، یارمەتی سوڕی خوێن دەدات، پاشەڕۆی لەش دەكاتە دەرەوە و  قەبزی ناهێڵێت".

باسی لەوەشكردووە:" خواردنەوەی ئاو پێش نان خواردن دەبێتە هۆی ئەوەی شەهیەتی نانخواردنت كەمتر بێت، بەتایبەت لە كەسێكدا بیەوێت كێش دابەزێنێت، جگە لەوەی وشكبوونەوەی خانەكانی لەشی مرۆڤ كاریگەری زۆر خراپی هەیە لەسەر لەشی مرۆڤ، هەندێكجار دەبێتە هۆی سەرئێشە و ئازاری هەموو جەستە، گرژی ماسولكەكان، هەروەها كاریگەریەكی خراپی هەیە لەسەر ووشكبوونەوەی دیسكی بڕبڕەكانی پشت و ڕێژەی لینجی جومگەكان، جگە لەكاریگەریەكانی تری ئاو". 

روونیشیكردووەتەوە:" هەرچەندە خواردنەوەی ئاو زۆر گرنگە، بەڵام یەكێك لە كێشە گەورەكان ئەوەیە كە رێژەیەكی زۆری خەڵك ئاو بە ڕێژەی پێویست ناخواتەوە و ڕقی لە ئاو خواردنەوەیە".

چەند رێگا چارەیەك باسدەكەین كە دەتوانرێت جێبەجێبكرێت بۆ ئەوەی رۆژانە رێژەی خواردنەوەی ئاو زیادبكەیت: 

- هەوڵبدە تام زیادبكەیت بۆ ئەو ئاوەی دەیخۆیتەوە، وەكو زیادكردنی دوو سێ قەترە ئاوی پرتەقاڵ یاخود لیمۆ، یاخوود هەندێ گژووگیا بۆ ئاوەكە بۆ ئەوەی تامێكی بۆ زیاد كات پێت بخورێتەوە. 

- ئەنجامدانی هەندێ وەرزش كە هەستی تینویەتی زیاد دەكات و وات لێدەكات ئاو زیاتر بخۆیتەوە بەشێوەیەكی سروشتی، وەكو ڕۆشتنی خێرا یاخود راكردن.

- خواردنی سوپ و شۆربا كەڕێژەیەكی زۆر ئاوی تیادایە، بەڵام ئەبێت دووركەوینەوە لەو جۆرانەی كە خوێی زۆری تێادایە، چونكە كالۆری زۆریان تیادایە.

- دەتوانیت لەڕێگای زیادكردنی خواردنی ئەو میوانەی كە ئاویان زۆرە وەكو شووتی ، پرتەقاڵ ، كاڵەك ، هەروەها خواردنی ئەو سەوزانەی ئاویان زۆرە، وەكو خەیار ، تەماتە ، كاهوو.

- ئەنجامدانی هەندێ رێگا بۆ وەبیرهێنانەوەی كاتی ئاوخواردن وەكو هەندێ ئاپلیكەیشنی سوودبەخش لە مۆبایلەكەتدا كە بیرت ئەخاتەوە كاتی ئاوخواردنەوەیە.

- بەكارهێنانی كوپی ڕەنگاوڕەنگ و سەرنج ڕاكێش بۆ ئاو خواردنەوە، بۆ هاندانی ئاو خواردنەوە.

- خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی رێگری دەكەن لە ووشكبوونەوەی خانەكانی لەش وەكو شیر ، شەربەتی فرێش ، چای بێ كافایین.

چی كاتێك باشترین كاتە بۆ ئاو خواردنەوە؟! 

 -دوای هەستان لە خەو. 

-نیو كاتژمێر پێش نانخواردن.

-پێش وەرزش و دوای وەرزش. 

-كاتی برسیەتی نێوان ژەمەكان. 

-لەكاتی بێهێزی و نەخۆشی و هەموو ئازارێك بە گشتی و سەرئێشە بە تایبەتی.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا