سودانی: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا بگوازینەوە بۆ هاوبەشی راستەقینە

عێراق پێش 2 هەفتە

Alternate Text

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بایدن، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند کە پێویستە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا بگوازنەوە بۆ هاوبەشی راستەقینە.

ئەمشەوی دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆشکی سپی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کۆبووەوە.

سەردانەکە گرنگە بۆ پەیوەندییەکانی هەردوولا

بە گوێرەی راگەیەندراوی دیدارەکە، سودانی لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، سەردانەکەی گرنگە بۆ پەیوەندییەکانی هەردوولا، بە تایبەتی لەم کاتە هەستیارەدا، لە ئێستاشدا کار دەکەن بۆ دانانی بناغەی سەرەکی بۆ پەیوەندییەکی گشتگیر و بەردەوام لەگەڵ ئەمەریکا.

پەیوەندییەکانمان لە سەربازییەوە بگوازینەوە بۆ پەیوەندییەکی گشتگیر

هەروەها وتووشیەتی، ئامانجمان ئەوەیە پەیوەندییەکانمان لە ئەمنی و سەربازییەوە بگوازینەوە بۆ پەیوەندییەکی گشتگیر لەسەر بنەمای ئابووری و بوارە رۆشنبیری و سیاسییەکان بەپێی رێککەوتنی ستراتیژی.

جەنگی داعش بنەمای کارکردنی نێوان ئەمەریکا و عێراق بووە

لەبارەی داعش، سودانی رایگەیاندووە، جەنگی داعش بنەمای کارکردنی نێوان ئەمەریکا و عێراق بووە بە درێژایی ساڵانی رابردوو، پێکەوە کارمان کردووە و پێکەوە بەسەر تیرۆردا سەرکەوتووین، ئەو سەرکەوتنە گرنگ بوو، بەهۆی قوربانییەکانی گەلی عێراق و تەبایی پێکهاتەکانی و پشتگیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاتووەتە کایەوە.

پەیوەندییەکی هاوبەشی درێژخایەن تاوتوێ دەکەین

باسی لەوەش کردووە، بابەتەکانی پەیوەندییەکی هاوبەشی درێژخایەن تاوتوێ دەکەین، لەسەر بنەمای رێککەوتنی ستراتیژی، ئێستاش نەخشە رێگەیەکمان داناوە لەو بارەیەوە.

 تێڕوانینی ئەمەریکا و عێراق لەبارەی رووداوەکانی ناوچەکە جیاوازە

لەبارەی دۆخی غەززە، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بایدندا وتوویەتی:" لەوانەیە تێڕوانینی ئەمەریکا و عێراق لەبارەی رووداوەکانی ناوچەکە جیاواز بێت، بەڵام سوورین لەسەر دوورکەوتنەوە لە فراوانبوونی ململانێکانی ناوچەکە".

جددیین لە کاراکردنی ئەو رێککەوتنە کە سودی بۆ هەردوولا دەبێت

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سودانی لەبارەی لیژنە سەربازییە هاوبەشەکەی نێوان عێراق و ئەمەریکا رایگەیاندووە، لە ئێستادا لیژنە هاوبەشەکە کۆبوونەوەی یەکەمی لەبارەی رێککەوتنی ستراتیژی ئەنجامدەدات، حکومەتەکەمان جدییە لە کاراکردنی ئەو رێککەوتنە کە سودی بۆ هەردوولا دەبێت.

 

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا