جەعفەر شێخ مستەفا: دەبێت حکومەتی هەرێم و عێراق شکۆی نیشتمان بپارێزن

کوردستان پێش 2 هەفتە

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی سەر کێڵگەی کۆرمۆرەوە بڵاوکردەوە.
جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" بە توندی و بەوپەڕی نیگەرانییەوە ئیدانەی ئەو هێرشە درۆنیەی سه‌ر كێڵگه‌ى گازى كۆرمۆری سنوورى قه‌زاى چه‌مچه‌ماڵ لە پارێزگای سلێمانی دەکەم، کە بەداخەوە شەهید و برینداربوونی چەند کارمەندێکی کۆمپانیاکەی لێکەوتەوە".

ئامانج لەم کردەوە پڕ لە شەرمەزاریی و ترسنۆکانەدا تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی و لاوازکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستانە

ئاماژەی بەوەشکرد:" بۆ هەموو لایەکمان وونە کە ئامانج لەم کردەوە پڕ لە شەرمەزاریی و ترسنۆکانەدا تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی و لاوازکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستانە، لێرەدا بە ئەرکی سەرشانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتیی هەرێم و عێراقی فیدراڵی دەزانم، کە شکۆ و سەروەری خاک و نیشتیمان بپارێزن و ڕێگربن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرش و کردەوە تیکدەرانەدا".

باسی لەوەشکرد:" بەم بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆم بۆ خانەوادە و کەسوکاری شەهیدەکان ڕادەگەیەنم و داواکارم لە یەزدان دڵنەوایی و ئارامییان پێ ببەخشێ، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم".

دوێنێ هەینی، لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بە ئامانج گیرا و لە ئەنجامیشدا چوار کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات بە وتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان، هێرشەکە کاریگەری کردووەتە سەر کەمبوونەوەی بڕی بەرهەمهێانی کارەبا و ئاو لە بەشێکی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا