بە وتەی جێگری دەرەوەی روسیا، چاوەڕوان دەکرێت لە
داهاتوویەکی نزیکدا رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان مۆسکۆ و تاران واژوو بکرێت.
ئاندرێ رۆدینکۆ جێگری وەزیری دەرەوەی روسیا لە نوێترین
چاوپێکەوتنیدا رایگەیاند:" مۆسکۆ چاوەڕوان دەکات لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا
رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە هاوکارییە هەمەلایەنەکان لەگەڵ تاراندا واژوو
بکات".
هاوکات ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە:" تاوەکو
ئێستا هیچ وردەکارییەکی رێککەوتنەکەی نێوان روسیا و ئێران ئاشكرا نەکراوە، بەڵام
پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە دوای شەڕی ئۆکرانیا زۆر زیاتر بووە".
پێشتر و لە ساڵی 2001، مۆسکۆ و تاران رێککەوتنێکی
هاوکارییان واژوو کرد و لە ساڵی 2020 ئەو رێککەوتنە بۆ ماوەی پێنج ساڵی دیکە
درێژکرایەوە.
لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیاوە، ئێران یەکێک
لەو وڵاتانەی بەردەوام لەلایەن ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاواوە بە هاوکاریکردنی روسیا
لە رووی سەربازییەوە، تۆمەتبار دەکرێت.