بابەتە سەرەکیەکە: بافڵ
جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی پەیامێک ئاڕاستەی هاووڵاتیانی
دەڤەری راپەڕین دەکات و دەڵێت: پێکەوە کۆتایی بە خۆسەپێنی دەهێنین.
پەیامی فەرمی: بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند: لەهیچ وێستگەیەكدا جێتانناهێڵم و
پێكەوە كۆتایی بە خۆسەپێنی دەهێنین، وەك چۆن ئێستا جۆشوخرۆشتان نەیارانی تۆقاندووە
و دەنگی زوڵاڵی ئێوە ترسی لەدڵی هەموویاندا چاندووە.
ئەمەشی وت: دەیڵێمەوە و دڵنیاتان دەكەم من برای ئێوەم و بۆ هەمیشە
پاڵپشت و پشتیوانتان دەبم، لە هیچ وێستگەیەكدا جێتانناهێڵم و پێكەوە كۆتایی بە
خۆسەپێنی دەهێنین.
دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی:
هاوڵاتییانی خۆشەویست و سەربەرزی دەڤەری راپەڕین. لە قووڵایی دڵمەوە
سوپاسگوزاری دڵسۆزی و جۆشوخرۆشی یەكێتییانەتانم، هاتن و ئامادەبوونتان گەورەیی بوو
بۆ ئێمە و شانازی بەهەمووتانەوە دەكەم.
نزیكی و قسەكردن لەگەڵ ئێوە شەرەفێكی گەورەیە و دەمویست زیاتر
لەگەڵتاندابم، بابەتی جیاوازتر باسبكەم و زۆرتر لەگەڵتاندا بمێنمەوە. بەڵام بەهۆی
قەرەباڵغیی بێشومار و جۆشوخرۆشی ئێوەی خۆشەویستەوە، ژمارەیەك لە ئازیزانمان
ئازاریان پێگەیشت و لەبەر سەلامەتیی هەموولایەك، وتارەكەمان كورتكردەوە تاوەكو هیچ
ئازیزێكیترمان تووشی نارەحەتی نەبێت.
سەلامەتی و تەندروستیی ئێوە بۆ ئێمە هەمووشتێكە، بۆیە دەستبەجێ
تیمەكانی خۆم راسپارد تاوەكو لەنزیكەوە ئاگاداری دۆخی تەندروستیی ئەو ئازیزانە بن
و لەگەڵیان بمێننەوە تاوەكو لە تەندروستییان دڵنیا دەبین.
هەروەها داوای لێبوردن لە هەموو ئەو خۆشەویستانە دەكەین كە بەهۆی
گرفتی تەكنیكییەوە نەیانتوانی گوێبیستی وتەكانمانبن، بەڵام دڵنیاییان دەدەینێ
ئەوەی وتومانە و دەیڵێین، جێبەجێی دەكەین.
جەماوەری خۆشەویست و سەربەرز
پەرۆشی و هەوڵی دڵسۆزانەتان بۆ سەرخستنی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی
كوردستان لەبیرناكرێت، سوپاسی ئامادەیی و پشتیوانیتان دەكەین دەیڵێمەوە و
دڵنیاتان دەكەم من برای ئێوەم و بۆ هەمیشە پاڵپشت و پشتیوانتان دەبم، لەهیچ
وێستگەیەكدا جێتانناهێڵم و پێكەوە كۆتایی بە خۆسەپێنی دەهێنین، وەك چۆن ئێستا
جۆشوخرۆشتان نەیارانی تۆقاندووە و دەنگی زوڵاڵی ئێوە ترسی لەدڵی هەموویاندا
چاندووە.