چی روویدا: سەرۆکی
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، ئەو پێشێلکارییانەی لە
دەنگدانی تایبەتدا کران پەیوەندییان بە کۆمیسیۆنەوە نەبووە، بەڵکو زیاتر پەیوەندیان
بە لیژنەی ئەمنییەوە هەبووە.
لێدوانی فەرمی: دادوەر
عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وتی:" لە دەنگدانی
تایبەتدا بە تەواوی کۆنتڕۆڵی بنکەکانی دەنگدانمان کردبوو، ئەگەر پێشێلکارییەکیش
هەبووبێت پەیوەندی بە کۆمیسیۆنەوە نەبووە، بەڵکو زیاتر پەیوەندی بە لیژنەی ئەمنییەوە
هەبووە، قسەمان لەگەڵ لیژنەی ئەمنی کردووە و لەوباوەڕەدام هەمووی چارەسەر بکرێت".
ئەمەشی وت: لە راستیدا پێشێلکارییەکان بەوشێوەیە نەبوون
کاریگەریان لەسەر پڕۆسەی دەنگدان هەبووبێت.
چی تر: ئەوەی پەنجە
مۆری نەخوێندرێتەوە و پێشتر ناوی تۆمارکرابێت، تایبەتمەندی تێپەڕاندنی 5٪ دەیانگرێتەوە.
زیاتر: سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان باسی لەوەشکرد، لە
نیوەی رۆژدا راپۆرتی خۆیان وەردەگرن و رێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتییان لە دەنگدان
دیاری دەکەن.
درێژەی قسەکانی: دوای کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دەنگدان لە
کاتژمێر 6:00ی ئێوارە، راستەوخۆ بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئەنجامەکان رەوانەی ئۆفیسی
سەرەکی لە بەغدا دەکرێت و دەبێت لە ماوەی 24 کاتژمێردا ئەنجامەکان رابگەیەنرێت.