56 ساڵ بەسەر دامەزراندنی زانکۆی "دایک"دا تێدەپەڕێت

درێژتر لە هەواڵ 3 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

بابەتە سەرەکییەکە: 56 ساڵ بەسەر دامەزراندنی زانکۆی سلێمانیدا تێدەپەڕێت و سەرۆکی زانکۆکەش پەیامێکی بڵاوکردەوە.

چی وت: کۆسار محەمەد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند: زانکۆکەمان رۆڵێکی گرنگی لە بزاوتی سیاسی و رزگاریخوازی گەلی کورد هەبووە بۆیە هەمیشە چقڵی چاوی دوژمنان بووە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی:

 

بەبۆنەی یادی ٥٦ ساڵەی دامەزراندنی زانكۆی سلێمانییەوە، سەرۆكی زانكۆی سلێمانی پیرۆزبایی تایبەت ئاڕاستەی زانستخوازان‌ و سەرجەم مامۆستایان‌ و فەرمانبەران‌ و خوێندكارانی زانكۆی سلێمانی دەكات، كە ئەمە دەقەكەیەتی:
٥٦ ساڵ لەمەوبەر و لە(٢٣ی تشرینی یەكەمی ١٩٦٨)دا، زانكۆی سلێمانی وەك یەكەم زانكۆ لەسەر ئاستی كوردستان بەمەبەستی پەرەپێدانی زانست‌ و بەرهەمهێنانی مەعریفە‌ و پەروەردەكردن‌ و بەرەوپێشبردنی تاكەكانی كۆمەڵگەكەمان دامەزرا. ئەم زانكۆ شكۆدارە بوو بە هەوێنی كردنەوەی دەیان زانكۆی دیكە‌ و ڕووناككردنەوەی هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان بە چرای زانست‌ و ڕووناكبیری‌ و بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاكەكانی كۆمەڵگەی كوردەواری، هەر ئەمەش وایكرد، كە زانكۆی سلێمانی نازناوی (زانكۆی دایك)ی پێببەخشرێت.
زانكۆی سلێمانی نەك هەر تەنیا ناوەندێك بوو بۆ هۆشیاركردنەوە و پێگەیاندنی تاكی كورد لەڕووی مەعریفە‌ و گۆڕینی ڕەوتی ژیانی كۆمەڵگەی كوردی بەرەو پێشكەوتن‌ و شارستانیەت، بەڵكو ڕۆڵێكی گرنگیشی لە بزاوتی سیاسی‌ و ڕزگاریخوازی گەلی كورددا هەبوو، بۆیە هەمیشە چقڵی چاوی دوژمنان‌ و ڕژێمی بەعس بوو، هەر بە بڕیاری ئەو ڕژێمە لە ساڵی ١٩٨١-١٩٨٢ زانكۆی سلێمانی گواسترایەوە بۆ شاری هەولێر و ناوەكەشی بۆ زانكۆی سەڵاحەدین گۆڕدرا. بەڵام دوای ڕاپەڕینی گەلی كورد لە ساڵی ١٩٩١، بە هەوڵ‌ و هیمەتی دڵسۆزان‌ و خەمخۆرانی زانست‌ و زانیاری‌ و بە كۆمەكی خەڵكی شاری سلێمانی بەتایبەتی‌ و كوردستان بە گشتی، زانكۆی سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٢ جارێكی دیكە دامەزرایەوە. سەرەتای بنیاتنانەوەی مەعریفە لەم زانكۆ ئازیزەدا بە كۆلێژەكانی (زمان، كشتوكاڵ، پزیشكی) دەستیپێكرد و ساڵ بە ساڵ ژمارەی كۆلێژ و بەش‌ و مامۆستا و خوێندكاری زیاتری لەخۆگرت، بەجۆرێك كە ئێستا خاوەنی (٢١) كۆلێژ و (٨٤) بەشی زانستی‌ و نزیكەی (٢٠ بۆ ٢٤) بەڕێوەبەرایەتی‌ و سەنتەر و ئۆفیسی گرنگە‌ و لە ساڵی نوێی خوێندنیشدا چوار بەشی نوێ بەمیتۆد و پڕۆگرامی هاوچەرخ دەكرێنەوە.
مایەی شانازییە؛ زانكۆی سلێمانی وێڕای ئەوەی یەكێكە لە گەورەترین زانكۆكانی كوردستان‌ و چەندین ساڵە لە لوتكەی زانكۆكانی كوردستان‌ و عێراقدایە، ئەمساڵ سەركەوتنێكی ناوازەی ئەكادیمی‌ و مێژووی تۆماركرد‌ و پلەی یەكەمی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان‌ و عێراق بەدەستهێنا، ئەمەش دەرئەنجامی ئەو پلانە تۆكمە زانستی‌ و ئەكادیمییە بوو، كە ماوەی چەند ساڵێكە لە سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی بە هەوڵ‌ و توانای مامۆستایانی ماندوونەناس‌ و توێژەران‌ و فەرمانبەران‌ و خوێندكارانی ئازیزمان، كاری جدی لەسەر دەكرێت‌ و هەر بە پشتیوانی‌ و هەوڵی لێبڕاوانەی ئەوان بەردەوام دەبین بۆ مانەوەی زانكۆكەمان لەم ئاستەدا و بەدەستهێنانی دەستكەوتی زانستی بەرزتر.
لەم بۆنە پیرۆزەدا، جارێكی دیكە دەستخۆشی لە هەموو ئەو كەسانە دەكەین، كە ڕۆڵی گرنگ‌ و بەرچاویان هەبوو لە كردنەوە و گەشەسەندنی زانكۆی سلێمانی، بەڵێن دووپاتدەكەینەوە بەگیانێكی دڵسۆزانە و پاراستنی ئەركی زانستی سەرشانمان‌ و بە پشتیوانی مامۆستایانی كارامە‌ و فەرمانبەرانی بەئەمەك‌ و خوێندكارانی بەتوانا، بەردەوام دەبین لە پێشخستنی بواری خوێندن‌ و توێژینەوەی زانستی‌ و بەدەستهێنانی بڕوانامەی نێودەوڵەتی‌ و گەیشتن بەئاستی زانكۆ یەكەمییە جیهانییەكان.
دووبارە یادی دامەزراندنی زانكۆی پێشەنگی سلێمانی (زانكۆی دایك) پیرۆز بێت.
پرۆفیسۆر دكتۆر كۆسار محەمەد عەلی
سەرۆكی زانكۆی سلێمانی

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا