بابەتە سەرەکیەکە: ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ هەر سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ کۆبووەوە.
راگەیەندراوی فەرمی: ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: سەبارەت بە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ـی ئەمساڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
زیاتر: پێویستە بابەتی مووچە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر ئەرکەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە.
دەقی راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی وەزیران؛
ئەمڕۆ چوارشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران کۆبووەوە،
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان ڕاپۆرتێکی دەربارەی بەڕێوەچوونی قۆناخی فۆرمی خێزانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان و ئاڤاهیان بە سەرکەوتوویی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی دیکەی پرۆسەکە خستەڕوو.
وەزیری پلاندانان ئاماژەی بە ڕێکار و هەنگاوەکانی پێشووی حکومەتی هەرێم دا بۆ دڵنیابوون لە ئەنجامدانی سەرژمێرییەکی دروست بۆ دانیشتووان کە تەنیا بە ئامانجی پەرەپێدان بێت و بۆ هیچ مەبەستێکی دیکەی سیاسیی بەکار نەهێنرێت و بە هیچ جۆرێک نەبێتە جێگرەوەی ڕێکار و میکانیزمە دەستووریەکان، بە تایبەتیش لە ناوچە کوردستانیەکانی دابڕێنراو لە هەرێمی کوردستان، کە دواجار بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ سەرجەم پێشنیار و تێبینی وسەرنجەکانی حکومەتی هەرێم جێگیر کران.
دواتر وەزیری پلاندانان ئەنجامی سەرەتایی داتاکانی قۆناخی فۆرمی خێزانیی سەرژمێریی گشتی خستەڕوو، کە بە فەرمی لەلایەن وەزارەتەوە بۆ ڕای گشتیش خرابووە ڕوو کە پێویستە بۆ لەمەودوا ئەو ڕێژەیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشانکردنی شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە لای حکومەتی فیدڕاڵ، بۆ ژمارەی بەشداریی نوێنەرایەتی کورد لە دامەزراوە دەستووریەکانی فیدڕاڵ و دیاریکردنی بەشە بودجە و مووچەی هەرێم، لە سەر ئەم ڕێژە نوێیەی ژمارەی دانیشتووانی هەرێم و سەرەڕای بەشی هەرێم لە پلەی وەزیفی تەرخانکراو و خەرجی و تەرخانکراویی دارایی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و ئاوەدانکردنەوە و لەسەر ئاستی ناوخۆش ، پێویستە وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی هەرێم، لە ئێستاوە ئامادەسازیی بکەن تا بۆ پڕۆژە و چالاکیيەکانیان بۆ مەبەستی پەرەپێدان، پشت بە داتا و زانیاریە پەسەندکراوەکانی ئەم سەرژمێرییە ببەستن، بۆ ئەوەی بڕیاری زانستیانە و دروستر بدرێت.
وەزیری پلاندانان لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەی، ئاماژەی دا بە قۆناخەکانی دیکەی پرۆسەی سەرژمێریی، کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوو، بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ ئەنجام بدرێت و بەتایبەتیش بەراوردکردنی زانیاريیەکان (مقاطعة البيانات) لە ناوچە کوردستانیەکان، بەو شێوەیەی هەردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و فیدڕاڵ بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەسەری ڕێکكەوتون.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە دانیشتووانی هەرێم و بە تایبەتیش کوردی ناوچە کوردستانییەکان، کە بە پەرۆشەوە و نیشتیمانیيانە و دڵسۆزانە بەشداربوون لە سەرکەوتنی سەرژمێریی، لە هەمانکاتدا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی وەزیری پلاندانان و تیمەکەی و سەرۆکی دەستەی ئامار و بەڕێوەبەری ئامار لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و فەرمانبەران و کارمەندانی دەستەکە و سەرجەم ئەو بژمێرانەی کە بەشدار بوون لە پرۆسەکە و سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کرد کە هاوکار بوون بە تایبەتی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی پەروەردە لە سەرخستنی پرۆسەکە بەرز نرخاند.
لە هەمانکاتیشدا، ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی لە هەژمارنەکردنی سەدان هەزار کەس لە دانیشتووانی سنووری هەرێمی کوردستان لە قەزای شێخان و زلکان وکەڵەکچی و ناحیەی فایدە و بەشێک لە قەزای سێمێل و قەزاکانی بەردەڕەش و خەبات و مەخموور لە سەر دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوایکرد کە حکومەتی فیدراڵ، ئەو ڕێکارە ڕاست بکاتەوە و ئەو خەڵکانە، بخاتەوە شوێنی ڕاستی خۆی کە هەرێمی کوردستانە.
ئەنجومەنی وەزیران سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی ڕاسپارد، بۆ ئامادەکردنی نووسراوێک بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، بۆ گەیاندنی ئەو پێشنیارانەی کە لە کۆبوونەوەکە پەسەند کران، بە ئاراستەی ئەوەی کە لێرە بەدواوە و بۆ ساڵی دارایی 2025 ، ڕێژەی نوێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بکرێتە بنەما بۆ دیارکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە گشت شایستە دەستووریيەکانی خۆی لە حکومەتی فیدڕاڵ.
بڕگەی دووەم، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پێشنیارێک لەلایەن بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار، تایبەت بە پاژەکردن ( بەقیستکردن)ی ئەو بڕە پارەیەی لە هاووڵاتی زێدەڕۆکار وەردەگیرێت، کە خانووی نیشتەجێیان بە زێدەڕۆیی لە سنووری شارەوانییەکان دروستکردووە بۆ مەبەستی نیشتەجێبوون بە گوێرەی سەرجەم ئەو مەرج وپێداویستیانەی لە یاسای ژمارە 3 ساڵی 2019 ی هەموارکراو لە یاسای ژمارە 7 ساڵی 2021 هاتووە، کە تەنیا ئەو هاووڵاتییە ئاساییە دەگرێتەوە کە بە هۆی نەبوونی شوێنی نیشتەجێبوون، زێدەڕۆییان لەسەر زەوی گشتی کردبوو لە چوارچێوەی سنووری شارەوانیەکان.
ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ، پڕۆژە بڕیارەکەی پەسەند کرد، وەک ئاسانکارییەک بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە یاساکانی ئاماژەپێدراو دەیانگرێتەوە و توانای داراییان سنووردارە و لە توانایاندا نیيە کە بڕی پارەی تەملیکی زەویەکە بە یەکجار بدەن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوە و سەبارەت بە بابەتی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی بۆ هەر سێ مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵ ، جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەوڵەکانی بەردەوامە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و هەروەک لە دوا کۆوبوونەوەی نوێنەرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵیش، جەخت لەوە کراوەتەوە کە پێویستە بابەتی مووچە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکییەکی سیاسی نەکرێت و وەک ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بدرێت، وەک شایستەی یاسایی خۆیان لە بەرامبەر وەزیفەکانیان، هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکە.