بابەتە سەرەکییەکە: مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیامێکی بەبۆنەی
سەریساڵی زاینییەوە بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی:
بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێی زایینی 2025، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم
هاووڵاتییانی هەرێم و گشت کوردستانیان دەکەم و هیوای شادی و خۆشگوزەرانی و ساڵێکی
پڕ لە ئارامی و ئاسوودەیی بۆ هەمووان دەخوازم .
سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵکی نیشتمانپەروەر و ستەملێکراوی هەرێمی
کوردستان دەکەم ، کە بە داخەوە بە هۆی کێشە دروستکردن و نەناردنی شایستە
داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە ، مووچەخۆرانی
هەرێم ، ساڵێکی دارایی سەختی دیکەیان بەڕێکرد .
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بە تەواوی جێبەجێکردووە،
بۆیە پێویستە ئەم کێشەیە لە سالی داهاتوو، بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت.
هەروەها ئومێدەوارین ، لە زووترین کاتدا، گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکانی
هەرێمی کوردستان بە ئەنجام بگات و لە سەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت بگەنە
ڕێککەوتن بۆ ئەوەی حکومەتێکی یەکگرتووی بەهێز و سەرتاسەری دروست بکرێت کە لە ئاست
ئەرک و ئاڵنگارییەکانی ئێستا و داهاتوودا بێت و بێ جیاوازی، خزمەتی گشت پێکهاتەکانی
هەرێمی کوردستان بکات .
ساڵی نوێ لە هەموو لایەک پیرۆز بێت و هیوادارم ساڵی ئاشتی و ئارامی و
ئاوەدانی بێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان