بابەتە سەرەکیەکە: ئەمڕۆ 79 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە شاری مههابادی كوردستانی ئێران تێدەپەرێت.
کۆماری
کوردستان لە 2ی ڕێبەندانی 2646ی کوردی، بەرامبەر بە 22ی
کانوونی دووەمی 1946 لە رۆژھەڵاتی کوردستان لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی
کوردستان دامەزرێنرا و پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرۆک کۆمار سوێندی یاسایی خوارد.
کۆماری
کوردستان وڵاتێکی
کوردی کەمتەمەن بوو کە لە سەدەی بیستەم پایتەختەکەی شاری مەھاباد بووە کە ئەکەوێتە
باکوری خۆرئاوای ئێران.
لەم ماوە کەمەدا، جیا لە دامەزراندنی
حوکمڕانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان، خوێندن و پەروەردە کرایە کوردی،
چاپخانە هێنرایە مهاباد و رۆژنامەیەک و چوار گۆڤار و یەک لەوانیش گۆڤاری گڕوگاڵی
منداڵان چاپ و بڵاکرایەوە، شیعر و چیرۆک و ئەدەبیاتی کوردی برەوی پێدرا، بۆ یەکەمجار
شانۆنامەی دایکی نیشتمانی بە زمانی کوردی نمایش کرا، رادیۆ لە مهاباد دامەزرا.
لەشکری میللیی
کوردستان دامەزرا کە دواتر ناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لێنرا و ئەم ناوە تائێستاش
لە ناو کورددا وەک ناوێکی پیرۆز ماوەتەوە، ئەی رەقیب کرایە سروودی نەتەوەیی
و ئاڵای کوردستان دەستنیشان کرا و لەسەر دامودەزگاکانی حکومەت هەڵدرا.
پەیوەندیی سیاسی و ئابووری لەگەڵ
یەکێتیی سۆڤیەت و کۆماری ئازەربایجان رێکخرا و بەرهەمی کشتوکاڵیی کوردستان هەناردەی
سۆڤیەت کرا، بۆ دابینکردنی بودجەی حکومەتیش سیستەمی باج لەسەر داهاتی هاوڵاتییان
پەیڕەو کرا.
کۆماری کوردستان وەک بزاوت و راسانێکی
نەتەوەیی، لەلایەن لێکۆڵەر و مێژوونووسانی کوردەوە وەک دەستپێکی شۆڕشی نوێی کورد دێتە
ئەژمار، کەسێتییەکی نوێ و سەردەمیانە بە تاکی کورد لە باری شوناسخوازی وشیاری نەتەوەیی
دەبەخشێ و، لە ئەنجامدا باوەڕ بە خۆبوون و خودئاگایی لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان پەلیکێشا.
ھەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری
کوردستاندا، شانازییەکە بۆ کۆمەڵگای کوردستان و نیشانەیەکی رونیشە بۆ شوناسخوازی و
رەسەنایەتیی رۆڵە بە ئەمەکەکانی ئەو گەلە و، ھەر بەم پێیە ئەوان دەتوانن لە ژێر ئەو
ھێما و سیمبۆلە نەتەوەییەدا داکۆکی لە شوناس و چییەتیی خۆیان بکەن.
کۆماری مەهاباد دەوڵەتێکی
کورتخایەنی خۆبەڕێوەبەری کورد بوو یەکێتی سۆڤیەت پشتگیری دەکرد بەڵام دواتر یەکێتی
سۆڤیەت دەستبەرداری کۆماری کوردستان بوو، دواتر حکومەتی ئەوکاتەی ئێران بزووتنەوەی
نەتەوەیی کوردی لەتک کرد و قازی محەمەد، سەرۆکی کۆماری مەهاباد، لە لایەن دادگای نیزامیی
ئێرانەوە حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا و لە مەیدانی چوارچرایی ناوەندی شاری مەهاباد لە
30ی ئاداری 1947 لەسێدارەدرا.