بابەتە سەرەکییەکە: شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگەی
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام فەرماندەی گشتی راوێژکارانی
سەربازی هاوپەیمانان لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
راگەیەندراوی فەرمی: وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویکردەوە:
جەنەراڵ هام وەزیری پێشمەرگەی دڵنیا کردەوە کە هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی
هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی
کوردستان پێشوازی لە جەنەڕاڵ هام، فەرماندەی گشتیی ڕاوێژکارانی سەربازی هاوپەیمانان
لە عێراق و شاندێکی سەربازی یاوەری کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا،
وەزیری پێشمەرگە و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان بە گرنگیەوە باسیان لە
دواین پێشهات و پەرەسەندنە سیاسی و سەربازییەکان کرد بە تایبەت؛مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی
تیرۆر و شانەنوستووەکانی داعش لە عێراق و ناوچەکەدا.
وەزیری پێشمەرگە
لەبارەی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند:”چاکسازی و پرۆسەی یەکخستنەوە
و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە بەردەوامەو هەموو هێزی پێشمەرگە لە چوارچێوەی فیرقەکاندا
جێگیردەبن، بەمەش قۆناغێکی نوێی هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی دێتە ئاراوە”.
لەبارەی بنیاتنانی
دوو ناوچەیی سەرکردایەتیی وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند: هەوڵەکانمان بەردەوامن و دەمانەوێت
بەم نزیکانە هەردوو ناوچەی سەرکردایەتی دەستبەکاربن و فیرقەکانیش لە چوارچێوەی
ناوچە سەربازییەکاندا جێگیربکرێن.
جەنەڕال هام، دڵخۆشی خۆی
دەڕبری لە بەرامبەر بەرەوپێشچوونی زیاتری چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە هەروەها لە
قسەکانیدا وەزیری پێشمەرگەی دڵنیاکردەوە کە
هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی هاوپەیمانان و ئەمریکا بۆ هێزی پێشمەرگەی
کوردستان بەردەوام دەبێت. رایگەیاند: "ریفۆرمی سەربازی لە وەزارەتی پێشمەرگە
هەنگاوی زۆر باشی بڕیوە، دڵنیاین ئیرادەی ئێوە بۆ چاکسازی ڕاستەقینەیە و دەتانەوێت
پێشمەرگە ببێت بە هێزێکی نیشتمانی لە ناوچەکەدا، ئێمەش لەم پێناوەدا لەگەڵتان دەبین
و پاڵپشتان دەبین".