بابەتە
سەرەکیەکە: ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاریدا بە کەمکردنەوەی کاتی دەوامی فەرمی
لە رۆژانی مانگی رەمەزاندا و بۆ چارەسەر بۆ قەرەباڵغی هاتوچۆ لە بەغداش چەند
بڕیارێکی پەسەندکرد.
راگەیەندراوی
فەرمی: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە: ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتی محەمەد
شیاع سودانی کۆبوەوە،
کە تیایدا باس لە پرسە گشتییەکانی وڵات کرا، گرنگترین فایلە ئابوری و خزمەتگوزارییەکانیش
خرایە بەر باس، جگە لە تاوتوێکردنی پێشکەوتنی جێبەجێکردنی ئەولەویەتەکانی بەرنامەی
حکومەت، و تاوتوێکردنی ئەو تەوەرانەی لە بەرنامەی کاردا خراونەتەڕو.
ئەمەش هەیە: بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە،
رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی دەوامی فەرمی دامەزراوە و فەرمانگەکان، لە رۆژانی
مانگی رەمەزاندا یەک کاتژمێر کەمبکرێتەوە.
چی تر: سەبارەت بە دەوامی فەرمی دامەزراوە
حکومییەکان و زانکۆکان، و دانانی چارەسەر بۆ قەرەباڵغی هاتوچۆ لە بەغدا، ئەنجومەنی
وەزیران ئەمانەی خوارەوەی پەسەند کرد؛
- راگرتنی جێبەجێکردنی بڕگەی (یەکەم/د)ـی
بڕیارنامەی 24213ـی ساڵی 2024ـی ئەنجومەنی وەزیران، گەڕاندنەوەی دەوامی فەرمی
زانکۆکان، و پێدانی دەسەڵاتی ئەنجومەنی زانکۆکان بۆ دیاریکردنی کاتی دەوامیان،
بەپێی مەرجەکانی دەوام و خشتەی خوێندن، کە لە2ـی ئازاری 2025ـەوە دەستپێدەکات.
- رەزامەندیدان لەسەر هەموارکردنەوەی
دەوامی فەرمی سەنتەری وەزارەتی نەوت بۆ ئەوەی لە 7ـی بەیانی تا 2ـی پاش نیوەڕۆ
بێت، لەبری 9ـی بەیانی تا 4ـی ئێوارە.
- هەموارکردنەوەی دەوامی فەرمی
بەشەکانی سەر بە وەزارەتی زانست و تەکنەلۆجیا بۆ ئەوەی لە 7ـی بەیانی تا 2ـی پاش
نیوەڕۆ بێت.
- بەخشینی بەشی سینەما و شانۆ لە
وەزارەتی رۆشنبیری و گەشتوگوزار و دێرینەکان لەو دەوامی فەرمی کە بۆ ئەو وەزارەتەی
پێشتر ئاماژەی پێکراوە دیاری کراوە.
- هەموارکردنەوەی
دەوامی فەرمی فەرمانگەی ئەوقافی مەسیحی و ئێزیدی و مەندائین بۆ ئەوەی لە کاتژمێر 7ـی
بەیانی تا 2ـی پاشنیوەڕۆ بێت.
- جەختکردنەوە لەسەر چالاککردنی
گواستنەوەی گشتی و پاڵنانی فەرمانبەران بۆ بەشداریکردن تێیدا، بە پێدانی ماوەی نیو
کاتژمێری بۆ پەنجەمۆری چونە ژورەوە و دەرچون.
- سەرۆکایەتی شارەوانی بەغدا و
بەرێوەبەرایەتی ڕێگاوبان و پردەکان خێراتر دەکەن لە چارەسەرکردن و چاککردنەوەی
زیانەکانی سەر شەقامە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ دروست نەبێت، بە
هەماهەنگی نێوان خۆیان و بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆ.
- وەزارەتی
خوێندنی باڵا و توێژینەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەوانی بەغدا و بەرێوەبەرایەتی
هاتوچۆی گشتی، چارەسەر دەدۆزێتەوە بۆ ڕاگرتنی ئۆتۆمبێلی خوێندکاران لەسەر
شەقامەکانی نزیک باڵەخانەکانی زانکۆ (بەتایبەتی تایبەت)، بەهۆی نەبونی گەراجی
گونجاو، هەروەها بۆ دورکەوتنەوە لە روداو و قەرەباڵغی هاتوچۆ.