بابەتە سەرەکیەکە: سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پەیوەندی
یەکێتی و پارتی جێگەی مەترسی نییە نە یەکێتی بە بێ ئێمە نە ئێمە بە بێ یەکێتی
توانیومانە هیچ بکەین بۆیە پێویستە یەکتر قبوڵ بکەین.
لێدوانی
فەرمی: نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای
پارتی رایگەیاند: لە میونشن لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی باسی پێکهاتنی کابینەی
داهاتوی حکومەتمان کرد، لەگەڵ یەکێتی لە گفتوگۆداین چۆن کابینەی دەیەمی حکومەت
پێکبێنین، پەیوەندی یەکێتی و پارتی جێگەی مەترسی نییە نە
یەکێتی بە بێ ئێمە نە ئێمە بە بێ یەکێتی توانیومانە هیچ بکەین بۆیە پێویستە یەکتر
قبوڵ بکەین.
ئەمەشی
وت: هەروەها لە کۆبونەوەکەمدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا، جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت سوریای نوێ سوریایەکی
مەدەنی بێت، هەرگیز سوریا بەو شێوەیە بەڕێوەنابرێت یەک ئایدۆلۆژیا خۆی بسەپێنێت.
زیاتر:
سەبارەت بە دروستبونی حکومەتی قۆناغی راگوزەری سوریا و روخانی رژێمی پێشو ئاماژەی
بەوەکرد، بەو خێراییە بۆ خودی ئەحمەد شەرعیش شۆک بوە، کاری لەپێشینەی ئێمە لەم
بابەتەدا ئەوەیە ئێمە چۆن بتوانین کورد بپارێزین لەو ئاگرەدا، لە پەیوەندییەکی بەردەوامدا بوین بەتایبەتی لەگەڵ تورکیا و ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپیدا.
هاوکات:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئەحمەد شەرع وتیشی؛ ئەوەی ئێمە بەدی دەکەین
ئەوەیە، ئەو دەیەوێت بە جدی کێشەکانی سوریا چارەسەر بکات، ئەگەر بەڕاستی ئەمە
سیاسەتیان بێ، شایستەی ئەوەیە کە پشتیوانی بکرێت.
چی تر:
نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا جەختی لەوەکردەوە؛ پێویستە
پەکەکە پێشوازی لە پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات و چەک دابنێت، چەکدانان بە
مانای تەسلیمبون نایەت، بەڵکو مانای ئەوەیە پرسی چەکداری و هێزی چەکدار هیچ
کێشەیەکی کورد لە تورکیا چارەسەر ناکات.
زانیاری
زیاتر: سەرۆکی هەرێم، سەبارەت بە دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند؛ ئەوەی کە ئێمە دەبینین
لە سیاسەتی بەڕێز ترەمپدا وەکو سەرۆکی ئەمریکا، ئەو دەیەوێت لە هەمو شوێنێک ئاشتی
بەرقەرار بێت، چەندینجار رایگەیاندوە کە دەیەوێت کۆتایی بە جەنگەکان بێنێت.