جەعفەر شێخ مستەفا: یادی راپەڕین بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانمان

درێژتر لە هەواڵ 7 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: رێبەند نەسرەدین

Alternate Text

بابەتە سەرەکییەکە: جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم پەیامێکی بەبۆنەی ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی ساڵی 1991ەوە بڵاوکردەوە.

 

دەقی پەیامەکەی جێگری سەرۆکی هەرێم:

هەموو ساڵێک لە ٥ی ئازار بە شکۆوە یادی ڕاپەڕین پیرۆز دەکەین، ئەمساڵیش لە یادی (٣٤)هەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی کوردستان بەرامبەر بە زوڵم و ستەمی ڕژێمی فاشیزمی بەعس، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانیانی ئازیز و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و خانەوادەی قوربانییانی ئەنفال و کیمیاباران و سەرجەم ئەوانەی لەپێناو ئازادی و سەربەخۆیی بۆ کوردستان تێکۆشاون، دەکەم.
٣٤ ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین دیواری پڕ ترس و ستەمی حوکمی فاشیزمی بەعسی تێکشکاند بە هەماهەنگی نێوان خەڵکە ئازا و تێکۆشەرەکەیی و پاڵپشت بە هێزی پێشمەرگەکانی بەرەی کوردستانی، ئەم ڕاپەڕینە بوو بە تاجی شکۆ و سەروەری بۆ گەلی کوردستان و بەدیهێنانی بەشێک لەو خەون و ئاواتانەی کە گەلی کوردستان چاوەڕێی بوو، هەروەها دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لە بەرهەمی ئەو ڕاپەڕینە مەزنەی کە بە خوێنی هەزاران شەهید هاتۆتە ئاراوە.
پیرۆزی یادی ڕاپەڕین، بەرپرسیاریەتییەکی گەورە دەخاتە سەرشانی هەموومان، بە تایبەت بۆ ئەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە قەیرانە سیاسیی و ئابوورییەی کە تێیکەوتووین، لە ئێستادا گرنگە بە یەکڕیزیی و ڕۆحیەتیی نیشتیمانپەروەری هەنگاو بنێین بۆ قۆناغی بەرەنگاربوونەوە و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە گفتووگۆ، لەپێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەکان و فەراهەمکردنی ژیانێکی پڕ شکۆ و خۆشگوزەران بۆ هاووڵاتیانی کوردستان.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا