سودانی و وەزیری بەرگری ئەمریکا دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێکرد

درێژتر لە هەواڵ 5 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: ئاکار

Alternate Text

بابەتە سەرەکیەکە: محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پیت هێگسێس وەزیری بەرگری ئەمریکا پەیوەندییەکی تەلەفونیان ئەنجامدا و هەردولا تاوتوێی هاوبەشی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا و بەرژەوەندی هاوبەشیان کرد بۆ سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەیی.

راگەیەندراوی فەرمی: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران بڵاویکردەوە: لە پەیوەندیەکەدا، وەزیری بەرگری ئەمەریکا پێشهاتەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە یەمەن خستەڕو، و ئاماژەی بەوەکرد ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەگەر هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و کاریگەرییەکانیان لەسەر کەشتیوانی لە دەریای سور رانەگرن، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە واشنتۆن هەوڵی پەرەسەندن نادات، و لەگەڵ راگرتنی ئەم هێرشانە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەوەستێنێت.

ئەمەش هەیە: لە لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق، جەختی لەسەر هێورکردنەوە و وتوێژ کردەوە، چونکە ئامرازێکی کاریگەرن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان لەناوچەیەکی هەستیار و گرنگی وەک رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم رێگایە گوزارشت لە هەڵوێستی نەگۆڕی عێراق دەکات لە روبەڕوبونەوەی ئاستەنگە ناوچەییەکان و عێراق لەسەر ئەم بنەمایە بەردەوام دەبێت لە کارکردن.

هاوکات: هەردولا جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامی هاوکاری ئەمنی کردەوە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانی جیهانی بۆ تێکشکاندنی داعش، هەروەها تاوتوێی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکەیان کرد.

چی تر: سودانی، پابەندبونی عێراقی بۆ پاراستنی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوپاتکردەوە، کە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق ئامادەن، بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی بەرەنگاربونەوەی داعش، هەروەها جەختی لە پابەندبونی عێراق کردەوە بە سنوردارکردنی بەکارهێنانی هێز لە دەستی دەوڵەتدا و پتەوکردنی سەقامگیری ناوخۆیی.

زیاتر: هەر لە پەیوەندییەکەدا هەردولا پابەندبونی هاوبەشیان دوپاتکردەوە بۆ رێگری کردن لە سەرهەڵدانەوەی هەڕەشە تیرۆریستییەکان و ئایدۆلۆژیای توندڕەو بە داعشەوە و بەهێزکردنی هەوڵە بەردەوامەکان لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و پاڵپشتیکردنی ئاسایشی ناوچەیی.

ئەمەش بزانە: هەردولا تاوتوێی سەرکەوتنەکانی ئەم دواییەیان کرد لە بەئامانجگرتن و کوشتنی سەرکردە باڵاکانی داعش، و جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی رێبازێکی بەهێز و هەماهەنگ کردەوە، بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، بەمەبەستی رێگریکردن لە رێکخراوەکە لە دوبارە بنیاتنانەوەی تواناکانی.

- هەروەها گفتوگۆکان ئاماژەیان بە داینامیکی ئاسایشی ناوچەیی کرد، بەتایبەتی بارودۆخی سوریا و سوربونی خۆیان دەربڕی بۆ بەرەنگاربونەی داعش لە دروستکردنی هەر هەڕەشەیەک لە سوریا، دوای بەدەستهێنانی چەکی نوێ و کارکردن لەسەر خۆڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی، ئەمەش پێویستی بە کاردانەوەی بە کۆمەڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ڕێگریکردن لە هەر گرژییەکی نوێ کە هەڕەشە لە سەقامگیری بکات.

- هەردولا پابەندبونی خۆیان نوێ کردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەیی، و وەزیری بەرگری ئەمەریکا پابەندبونی وڵاتەکەی دوپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی درێژخایەن.

- لە کۆتایی پەیوەندییەکەدا، هەردولا جەختیان کردەوە لەسەر گرنگی بەردەوامبونی گفتوگۆ و هاوکاری، بۆ پتەوکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتوەکان، و پێکەوە کارکردن بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا