پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، پارێزگاری کەرکوک پۆستی قائیمقامی داقوقی لە کورد سەندووەتەوە و داویەتی بە کەسێکی عەرەب.
ئەمشەوی سێشەممە، دیلان غەفور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند:" پارێزگاری سەپێندراوی کەرکوک، بە پێچەوانەی یاسا و داوایەکی ئێمە و بە رەچاونەکردنی ھاوسەنگیی لە پۆستەکانی ئیدارەی کەرکوک و قەزاکانی ئەو پارێزگایە، ھەستاوە بە دانانی قائیمقامی قەزای داقوق و پۆستەکەی داوە بە کەسێک لە پێکھاتەی عەرەبی لەکاتێکدا ماف و پشکی پێکھاتەی کوردییە".
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی:" ئێمە زۆر بە تووندی دژی ئەم بڕیارە دەوەستینەوە و داوای دەستێوەردانی بەپەلەی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین".
دیلان غەفور راشیگەیاند:" وەک بەشێک لە پەرلەمانتارانی کەرکوک سبەینێ لەناو بینای قائیمقامیەتی قەزای داقوق دەمێنینەوە تا ھاتنەسەرخەتی لایەنی پەیوەندیدار و راگرتنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، داواش لە خەڵکی قەزاکە دەکەین بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەبەردەم قائیمقامیەت کۆببنەوە".