بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بە دەركردنی پێنج بڕیاری تایبەت بە بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە.
ئاسایشی سلێمانی/هۆبەی چاودێری و ئاڵوگۆڕی دراو و شتومەك لە نووسراوێكدا بڵاویكردەوە:" ئاگاداری سەرجەم كۆمپانیا، نوسینگە، دەستگێڕ و كاسبكاران دەكەینەوە، پابەندی پێنج بڕیاری دیاریكراو بن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەبنەوە".
ئاماژەی بەوەشكردووە:" نابێت جیاوازی بكرێت لەنێوان دۆلاری چاپی كۆن و نوێدا، كاتێك دراو وەرناگیرێت كە (ساختە، دڕاو، تەواو ژاكاو) بێت، هەروەها لەكاتی وەرگرتنی حەواڵە داوای كەفیل نەكرێت و بدرێت بەو كەسەی كە بەناویەوە هاتووە یاخود بریكارنامەی ئەو كەسەی پێ بێت كە بەناویەوە هاتووە".
باسی لەوەشكردووە:" ئەو كەسەی حەواڵە وەردەگرێت پێویستە پێناسی پێبێت، مامەڵەكردنیش راستەوخۆ و رووبەڕوو دەبێت، هەروەها مامەڵەكردن بەدراوی ئەلیكترۆنی بەهەموو شێوەیەك رێگەپێنەدراوە".