قەستەرە یاخود سۆندەی بۆری گورچیلە چییە؟!

تەندروستی 13/02/2024

لەلایەن: زامۆ بەکر

Alternate Text

پزیشكێكی پسپۆڕ، دكتۆرا (بۆردی) بەریتانی لەنەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆكی پیاوان دەربارەی قەستەرە كۆمەلێك رێنمایی و زانیاری دەخاتەڕوو.

 كاوە فقێ رەحیم، پزیشكی پسپۆڕ، دكتۆرا (بۆردی) بەریتانی لەنەشتەرگەری گورچیلە و میزەڕۆ و نەزۆكی پیاوان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" قەستەرە بۆریەك یان سۆندەیەكی باریكی درێژە كە درێژیەكەی لە نێوان 16-28 سانتیمەتردایە و ئەسوریەكەی لەنێوان دوو بۆ چوار ملیمەترە دەبێت".

ئاماژەی بەوەشكردووە:" ئەم سۆندەیە كە دادەنرێت لە لەشی نەخۆشدا لەڕێگەی ناڤورو تیشكەوە دادەنرێت، سەرێكی لە حەوزی گورچیلەدا دەبێت و سەرەكەی تری لە میزەڵداندا دەبێت، واتە میز لەگورچیلەوە ئەگوازێتە بۆمیزەڵدان".

بەكار هێنانەكانی قەستەرە:-

- دوای نەشتەرگەری بەردی گورچیلە:

كە نەخۆش نەشتەرگەری بەردی گورچیلەی بۆ دەكرێت لەوانەیە بۆری گورچیلە ئاوسانی هەبێت یان پارچەی بەرد بەجێ بمێنێ یان دیواری بۆری گورچیلە بریندار ببێت، بۆیە پێویست دەكات قەستەرە دابنرێ بۆ ئەوەی نەخۆشەكە توشی گیرانی گورچیلە نەبێت.

- لەكاتی گیرانی بۆری گورچیلە بەهۆی وەرەم یان نەشتەرگەری یان بەردی گورچیلە:

لە كاتی گیرانی بۆری گورچیلە بەهەر هۆكارێك بێت لەوانەیە گورچیلە سست ببێت یان توشی هەڵئاوسان ببێت و پێویست بكات كە بۆری گورچیلە بكرێتەوە بەخێرایی بۆ ئەوەی باری تەندروستی نەخۆشەكە جێگیر ببێت، لەوكاتانەیە قەستەرە دادەنرێت هەتا ئەوكاتەی ئەتوانرێ نەشتەرگەری كۆتایی بۆ نەخۆش بكرێت و كێشەكەی بە یەكجاری چارەسەردەكرێت.

- بۆپێدانی چارەسەر:

هەندێك بارودۆیخ بوونی هەیە كە تێیدا نەخۆش لەوانەیە گرێی بۆری گورچیلەی هەبێت ونەتوانرێ گورچیلە و بۆریەكەی بە نەشتەرگەری لاببرێت، لەم كاتەدا دەتوانرێت قەستەرە دابنرێت ولەڕێگەی میزەڵدانەوە علاج بكرێتە میزەڵدان و لەوێوە بە هۆی قەستەرەكەوە دەرمانەكە دەگاتە گرێیەكە.

- بۆ خۆپارێزی پێش وەختە لە بریندار بوونی بۆری گورچیلە:

لەكاتی هەندێ نەشتەرگەری قورس وئاڵۆزی حەوزدا وەك لابردنی منداڵدان یان گرێی كۆم، ئەگەری بریندار بوون یان بەستنی بۆری گورچیلە زۆرە بە تایبەت ئەگەر گرێیەكە گەورەبێت یان نەخۆشەكە پێشتر نەشتەرگەری بۆكرابێت، ئەوا لەم كاتانەدا پێش نەشتەرگەری قەستەرە بۆ هەردوو بۆری گورچیلە دادەنێین بۆئەوەی لەكاتی نەشتەرگەریەكە بەئاسانی بۆری گورچیلە (حالب) بناسرێتەوە و پارێزراو بێت لە بەستن و بریندار بوون.

- ئایا قەستەرەی حالب هیچ كێشەیەك یان ناڕەحەتیەك دروست دەكات؟!

زۆربەی كات دانانی قەستەرە هیچ ناڕەحەتیەك دروست ناكات و نەخۆش لەوانەیە هەست نەكات كە سۆندەی بۆ دانراوە، هەنێك جارێش لەوانەیە نەخۆش ئەم كێشانەی بۆ دروستت ببێت:

- میزی خوێناوی: لەوانەیە نەخۆشەكە ناو بەناو میزەكەی ببێت بەخوێن و سوربێت.

- میزەچركە: نەخۆش لەوانەیە پەلەپەلی پێبكەوێت و زوو زوو بچێت بۆ میزكردن.

- ئازاری كەلەكە و گورچیلە: هەنێك نەخۆش لەوانەیە لەكاتی میزكردندا هەست بە ئازارێكی قورس بكات لە گورچیلەیدا.

- هەوكردنی میزەڵدان و گورچیلە: نەخۆش توشی كزانەوە و ئازار دەبێت لەكاتی میزكردندا.

- گیرانی قەستەرە: لەوانەیە قەستەرەكە بگیرێت و ببێتە كێشە بە تایبەت ئەگەر ماوەیەكی درێژبێت دانرابێت.

- لەبیرچوون و بوون بە بەردی قەستەرە: ئەگەر لەبیربكرێت كە قەستەرەكە لەكاتی خۆیدا لاببرێت و ماوەی چەند مانگ یان چەند ساڵی پێ بچێت ئەوە قەستەرەكە كلس دەگرێت و دەبێت بە بەرد، زۆر جار پێویست بە نەشتەرگەری گەورەدەكات بۆ لابردنی.

- ترازان یان چونەدەرەوەی قەستەرە لە شوێنی خۆی.

- ئایا قەستەرە چۆن لادەبرێت؟!

مەگەر نەخۆش خۆی حەزبكات كە نیوبەنج یان بەنجی گشتی وەربگرێت ئەگینا زۆربەی كات قەستەرە بە نيوبەنج و لەڕێگەی ناڤوری میزەڵدانەوە لادەبرێت و پێنج خولەك دەخایەنێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا