جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە راگەیەندراوێکدا
ئەوەی خستەڕوو، بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقدا ناکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی تشرینی یەکەم، جوڵانەوەی
نەوەی نوێ راگەیەندراوێکی لەبارەی بەشداریکردنیان لە حکومەتی داهاتووی عێراق
بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیەندراوەکەی جوڵانەوەی نەوی نوێ:
پاش ئاساییکردنەوەی ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە لە پاش هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، کە خۆی لە گرانکردنی نرخی بەنزین و کەمکردنەوەی پێدانی کارەبای نیشتمانی و گرانکردنی نرخی غازی ماڵان و نەوتی سپیدا دەبینێتەوە، لەمکاتەدا کە بەرەو وەرزی سەرما سۆڵە دەچین و ئەمەش بارگرانیەکه زۆری لەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دروستکردوەو، ئێمە پؽمان وایە کارکردن بۆ یەکدەنگی و یەکڕیزی دەبێ سەرەتا لەخزمەتی هاوڵاتیانی کوردستانەوە دەست پێبکات بەشێوەیەک ئاسانکاری بۆ ژیان و خۆشگوزەرانی هاوڵاتیان بکرێت نەک بارگرانیان بۆ دروست بکرێت.
لەم رووەوە جوڵانەوەی نەوەی نوێ پێیوایە کە تا ئێستا ئەم شێوازە حوکمرانیەی هەرێم نەتوانیوێتی خزمەتی خەڵکی هەرێم بکات و نە توابیوێتی پێگەی کورد لەبەغدا بەهێز بکات. هەمیشە لە ساڵانی رابردودا کورد لاواز و پەرتەوازە دەرکەوتووە، لە ناوخۆی هەرێمیش هەم دامەزراوەکان لاواز بوون و هەم دۆخی خەڵک باش نەبوە و هەمیش پەرتەوازیی بە لایەنە سیاسییەکانەوە دیار بووە.
جوڵانەوەی نەوەی نوێ چەند خاڵێکی دیاری کردوە بۆ ئەوەی کورد لە ناو هەرێم و لە دەرەوەی هەريم بەهێز بێت و لە بەغدادیش قورسایی زیاتری هەبێت.
ئەم خاڵانە وا دەکات کە دامەزراوەکانی هەرێم بەهێزتر بن، وا دەکات میللەتی کورد ئەم دامەزراوانە بە هی خۆیان بزانن، هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەکان ئەم دامەزراوانە بە هی خۆیان بزانن و خودی دامەزراوەکانیش ببنە چەترێک و هەموان لە ژێریدا کۆببینەوە. کاتێک دامەزراوەکانی هەرێم بەهێز دەبن، ئەوکات ئەم دامەزراوانە دەبنە نوێنەری میللەتی کورد و هیچ پەرتەوازەیی و دابەشبونی پێوە دیار نابێت، و خودی سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بەهێزتر دەبن.
خاڵەکانی کە نەوەی نوێ دیاریکردوون بۆ یارمەتیدانی دروستبونی یەکریزی کوردی و رێکخستنی نێوماڵی کوردی، بریتین لە:
١- جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایدەگەیەنێت کە بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراقدا ناکات، هیچ پۆست و وەزارەتێکمان ناوێت.
٢- پێویستە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دیاری بکرێن، تاوەکو ئەو دوو هەڵبژاردنە نوێنەری خەڵک دیاری بکەن و پەرلەمانی داهاتوو ببێتە کۆکەرەوەی هەموو لایەنەکان.
٣- کۆمسیۆنی نوێی هەڵبژاردنەکانی هەرێم لە خەڵکانی بێلایەن و شارەزا دروست بکرێت و دوور بێت لە پشک پشکێنەی حیزبی.
٤- هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی دادوەری ئێستای هەرێم و هەڵبژاردنی ئەنجومەنێکی نوێ لە کۆمەڵێک دادوەری بەتوانا، کە دور بن لە ئینتیمای حیزبی و پشک پشکێنەی لایەنە سیاسییەکان.
٥- ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوانی سیاسی و چالاکوان و رۆژنامەنوسان، وەک هەڵدانەوەی پەرەیەکی نوێ.
٦- دروستکردنی لیژنەیەک کە نوێنەرایەتی هێزە کوردستانییەکان و لیستە براوەکان بکات و بچن بۆ بەغداد بۆ ئەم داواکاریانە:
ئەلف/ بە هیچ شێوەیەک لە سەرەتادا باس لە وەرگرتنی وەزارەت و پۆست بۆ حزبە کوردیەکان نەکرێت (وە لە هەموو حاڵەتێکدا نەوەی نوێ هیچ پۆست و وەزارەتی ناوێت).
ب/ داواکردن بۆ رێکەوتن لەسەر گێڕانەوەی ناوچەکانی مادەی ١٤٠ ، وە لایەنی کەم دانانی پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکوک.
ج/ چارەسەرکردنی کێشەی پێشمەرگە و موچە و ئیمتیازاتیان و هاوتاکردنەوەی لەگەڵ موچە وئیمتیازاتی سوپای عێراق.
د/ جێگیرکردنی بودجەی هەرێمی کوردستان بە شێوەکی بەردەوام کە دڵنیایی تەواو بداتە هاوڵاتیانی کورد و فەرمانبەران.
ئەم خاڵانەی نەوەی نوێ داوای دەکات هیچی بۆ خۆی و لە پێناو بەرژەوەندی خۆی نییە، بەڵکو لە پێناو خەڵکی کوردستان و بەرەوپێشبردنی هەرێمەکەمان و رزگارکردنی هاوڵاتییانە لەم دۆخە ناهەموارە و کۆکردنەوەی تەواوی رەنگە جیاوازەکانی کوردستانە لە ژێر چەتری دامەزراوەکانی هەرێم.