ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ یوناس لۆڤێن، باڵیۆزی سوید لە عێراق کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەدا، یەکێتی پێداگردەبێت لەسەر یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و خزمەت کە وەڵامدەرەوەی خواستی ھەموو نەتەوە وپێکھاتەو ئاینزاکان بێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٤ی تشرینی یەکەم، بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان لەگەڵ یوناس لۆڤێن، باڵیۆزی سوید لە عێراق کۆبووەوە و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پێگەی ھەرێم و پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان تاوتوێکرا.
دەقی راگەیەندراوی نوسینگەی رۆژنامەوانی بافڵ تاڵەبانی:
بافڵ تاڵەبانی، لە دەباشان پێشوازیکرد لە یوناس لۆڤێن، باڵیۆزی سوید لە عێراق.
لە دیدارێکدا ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پێگەی ھەرێم و پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان و پتەوکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەت لەبواری ئابووری و پەروەردە بە بایەخەوە بۆچونیان لەبارەوە خرایەڕوو.
بافڵ تاڵەبانی دووپاتی لە فراوانکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگی ھاوبەش کرد لەنێوان ھەرێم و سوید، و ھەموو پشتیوانی و کارئاسانییەکی یەکێتی بۆ دەربڕین تا بازرگانان و سەرمایەدارانی سوید لە ھەرێم سەرمایەکانیان بخەنە گەڕ و لەکەرتی ئابووریدا ھاوکاربن و بەشدارێکی چالاک بن بۆ پێشخستنی ھەرێمی کوردستان.
لەبارەی پرۆسەی پەروەردەو خوێندنیشەوە بافڵ تاڵەبانی پێشنیاری گەڵاڵەکردنی پڕۆژەیەکی ھاوبەشی پەروەردەیی کرد تا سوود لەشارەزایی و ئەزموونی پێشکەوتووی وڵاتی سوید وەربگیرێت و پشتیوان بن بۆ پێشخستنی زیاتری کەرتی پەروەردە لەھەرێم، و لەسەر بنەمای زانستی سەردەم خوێندکار و گەنجی کورد کە توانایەکی باشیان ھەیە بەپێی پێویستی کۆمەڵگە، گۆڕانکارییەکان و بازاڕ پەروەردە بکرێن و ھەم فێربکرێن و ئامادەبکرێن تا لە بازاڕی کاردا سوودیان لێوەربگیرێت و ھەلی کاریان بۆ بڕەخسێنرێت.
ھەر لەدیدارەکەدا بافڵ تاڵەبانی بەرنامە و سیاسەتی یەکێتی بۆ قۆناغی ئەمڕۆی ھەرێم و عێراق خستەڕوو، تەئکید لەچارەسەرکردنی ئاشتییانە و سیاسییانەی کێشەکان کردەوە، و پەنابردن بۆ دیالۆگ و زمانی گفتوگۆ و رەچاوکردنی بەرژەوەندی باڵای گەل، و وڵاتی بەفاکتەری بەھێزی زاڵبوون بەسەر قەیرانەکان زانی و رایگەیاند یەکێتی پێداگردەبێت لەسەر یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و خزمەت کە وەڵامدەرەوەی خواستی ھەموو نەتەوە وپێکھاتەو ئاینزاکان بێت.