ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی لە دیدارێکیدا لەگەڵ لێپرسراوی نوسینگەی یەکێتی
ئەوروپا لە هەرێم رایگەیاند، چاکسازییەکان بەردەوام دەبن.
ئەمشەو شەممە ٦ی تشرینی یەکەم، نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی لە
بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد:" بافڵ تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە
ماری پارێت، لێپرسراوی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان".
دەقی بڵاوکراوەکەی نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ تاڵەبانی:
بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازیکرد لە ماری پارێت، لێپرسراوی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە ھەرێمی کوردستان.
لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا لەسەر پرسە سیاسی، ئەمنییەکان و ھەماھەنگی زیاتر لە نێوان ھەرێم و کونسوڵخانەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و پشتیوانیکردن لەو ھەوڵانەی دەدرێن بۆ چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ کۆی ھاوکێشەکان تێڕوانین و ستراتیژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی خستەڕوو و روونیکردەوە عێراقی ئەمڕۆ پێویستی بە حکومەتێکی خزمەتگوزار و چاکسازی راستەقینە ھەیە کە بتوانێت وەڵامی گلەیی و داواکاری خەڵک بداتەوە و یەکێتیش لەگەڵ ئەو لایەنانەدایە کە بەم سیاسەتە کاردەکەن و بنەمای خزمەت دەکەنە بەرنامەی حکومەت و باوەڕیان بە پێکەوەژیانی ھەمووان ھەیە.
ھەر لەدیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی پێویستی یەکڕیزی و یەک گوتاری کوردی دووپاتکردەوە لەبەغدا و روونیکردەوە دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن یەک ھەڵوێستیمان زامنی پاراستنی مافە دەستووری و نەتەوەییەکانمانە و تەبایشمان لەناوەند فاکتەری بەھێزکردنی قەوارەی ھەرێمە و دەتوانین باشتر رۆڵ بگێڕین لەپێناو داھاتوویەکی باشتر لە عێراقدا.
لەبارەی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و پاراستنی ئاسایشی تاک بیرو بۆچوون ئاڵوگۆڕکرا و ھەماھەنگی ھەردوولا بە پێویست زانرا و بافڵ جەلال تاڵەبانی تەئکیدیکردەوە لە پێشینەی ئەرکەکانی یەکێتی پاراستنی ئاسایش، ئارامی و ئاسایشی تاک بەتاکی ھەرێمی کوردستانە و ھەموو ئەو بەربەستانەی رێگرن و ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسی و چاودێر دەبن بەسەر ھاوڵاتییەوە لادەبرێن و رێگاش نادەین ئارامی تێکبچێت و ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری بخاتە ژێر مەترسییەوە و لەو چوارچێوەیەشدا چاکسازییەکان بەردەوام دەبن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ھیوای سەرکەوتنی بۆ ماری پارێت لە ئەرکە نوێکەیدا خواست و وێڕای دەربڕینی پشتیوانی بۆ سەرخستنی کارەکانی داوایکرد ھەماھەنگ بێت بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکارییەکان لەھەموو بوارەکاندا.