بەڕێوەبەری سەنتەری دڵ لە هەولێر رایگەیاند، مانگانە دوو هەزار هاوڵاتی بەهۆی نەخۆشی دڵەوە سەردانی سەنتەری دڵ دەکەن و چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت، دەشڵێت، سەنتەری دڵ دامەزراوەیەکی قازانج نەویستە و لەپاڵ حکومەتی هەرێم خزمەتی هاوڵاتییان دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە زاری د. شەهاب عەلی بەڕێوەبەری سەنتەری دڵ ئاماژەی بەوەکرد:" رۆژانە ١٠٠ بۆ ١٥٠ کەس بەهۆی نەخۆشی دڵەوە سەردانی سەنتەری دڵ دەکەن و بە کۆی گشتیش مانگانە ٢٠٠٠ هاوڵاتیی سەردانی نەخۆشخانەکەمان دەکەن".
ئەوەشیخستەڕوو:" ئەو حاڵەتانەی روودەکەنە سەنتەری دڵ جیاوازن وەک گیرانی دەمارەکانی دڵ یان ئەو منداڵانەی لە زگماکەوە کێشەی دڵیان هەیە، ئێمەش چارەسەری پێویستیان بۆ ئەنجامدەدەین وەک قەستەرە و ئەگەر پێویستی بە نەشتەرگەری-ش بێت بۆی دەکرێت".
هاوڵاتییانی سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سەردانی سەنتەری دڵ دەکەن
سەبارەت بەو نەخۆشانەی روویان تێدەکەن راشیگەیاند:" رۆژانە هاوڵاتییان لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و ناوچە جیاوازەکانی عێراق، روودەکەنە سەنتەری دڵ بۆ وەرگرتنی چارەسەر، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە خەڵک لە ئاستی چارەسەرەکان رازین و ئەزموونی دکتۆر و نەخۆشخانەکەیان لاپەسەندە".
٪٩٥ی ئەو نەخۆشانەی روو لە سەنتەری دڵ دەکەن چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت
باسیلەوەشکرد:" ٪٩٥ی ئەو نەخۆشانەی روو لە سەنتەری دڵ دەکەن چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت و نرخەکانی ناو نەخۆشخانەکەش بە رێژەی ٪٢٠ بە بەراورد لە نەخۆشخانەی دیکە هەرزانتر و کەمترە، چونکە دامەزراوەیەکی قازانج نەویستە و لەپاڵ حکومەتی هەرێم خزمەتی هاوڵاتییان دەکات".