کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی شاندی باڵای یەکێتی
نیشتمانی بە سەرۆکایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، لەگەڵ سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی
حکومەتی هەرێم کۆتاییهات.
نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی
کوردستان رایگەیاند:" بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی
کوردستان سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد
تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی کرد و بە گەرمی پێشوازی لێکرا".
جەختلە گرنگیی پاڵپشتی و پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامە چاکسازییەکەی کرا
ئاماژەی بەوەشکرد:" لە کۆبوونەوەکەدا کە د.خەسرەو گوڵ، دەرباز
کۆسرەت رەسوڵ، رزگار عەلی، کارگێڕانی مەکتەبی سیاسی ئامادەیبوون، جەختلە گرنگیی
پاڵپشتی و پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کارنامە چاکسازییەکەی کرا بە ئاراستەی
زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان، لە کۆبوونەوەکەدا چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی
پێویستییان بە چارەسەرە تاووتوێ کرا".
کوشتنی کورد بەدەستی کورد ھێڵی سوورە
باسیلەوەشکرد:" ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە پشتیوانیکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرخستنی کارنامە چاکسازییەکەی و داکۆکیکردن لە ماف و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان کردەوە. هاوکات راشیگەیاند، یەکێتی دژی ھەر ھەوڵێک دەوەستێتەوە کە رێگە بۆ شەڕ لە نێوان لایەنە کوردییەکان خۆش دەکات و جەختی کردەوە، لای ئەوان کوشتنی کورد بەدەستی کورد ھێڵی سوورە".
نوسینگەی راگەیاندنی بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاشکراشیکرد:" لە
بەرامبەردا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم، کارنامەیەکی چاکسازی
هاوبەشی هەیە کە بۆ هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتە و پێویستە وەک یەک تیم، بە
هاوکاری و پشتیوانیی هەموو لایەنە کوردستانییەکان کار لەپێناو جێبەجێکردنی
کارنامەکە و خزمەتکردنی هاووڵاتییان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەن".