پزیشکێک هۆشداری لە خواردنی گوڵەبەڕۆژە دەدات بۆ منداڵ

تەندروستی 10/11/2022

Alternate Text

پزیشكێكی نەخۆشییە هەناوییەکان و گەشەی منداڵان هۆشداری لە خواردنی گوڵەبەڕۆژە بۆ منداڵان دەدات و دەڵێت، منداڵ تاکو تەمەنی چوار ساڵی ناتوانێت توێکڵی گوڵەبەڕۆژە جیابکاتەوە لە کاتی خواردنیدا و ئەوەش ئەگەری چوونی توێکڵەکە بۆ ناو بۆری هەناسەی و دروستبوونی مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەکە زیاتر دەکات.

د. ئاكۆ كەریم جەلال، پزیشكی نەخۆشییە هەناوییەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بە گوڵەبەڕۆژە خواردن لەلایەن منداڵانی خوار تەمەن چوار ساڵ ئاماژەی بەوەکردووە:" گوڵەبەڕۆژە خواردنێكی باوە لە زۆربەی ماڵ و کۆبوونەوە خێزانییەکاندا هەیە، بەڵام پێویستە ئاگاداربین ، كە گوڵەبەڕۆژە بۆ منداڵی خوار تەمەنی چوار ساڵ گونجاو نییە".
ئەوەشی خستووەیەڕوو:" منداڵ تاکو تەمەنی چوار ساڵی ناتوانێت توێكلی گوڵەبەڕۆژە جیا بكاتەوە لە كاتی خواردنی، بۆیە ئەگەری هەیە لەكاتی خواردنی دەنكە گوڵەبەڕۆژە بچیتە بۆری هەناسەدانەوە ئەمەش دەبێتە مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەكە، بۆ دەركردنی ئەو دەنكە گوڵەبەڕۆژیە دەبێت نازوری بۆری هەناسەی بۆ بكرێت لە ژێر سڕكردنی گشتیدا، كە ئەمەش مەترسی زۆری هەیە".
ئەو پزیشکە داوای لە دایکان و باوکانیش کردووە:" وا گونجاوترە، گوڵەبڕۆژە بە هیچ شێوەیەک نەدرێت بە منداڵی خوار تەمەن چوارساڵ، چونكە ئەگەری زۆرە بەوشێوەیەش گوڵەبڕۆژەکە بچێتە بۆری هەناسەی منداڵەکەوە، بۆ نموونەش زۆرجار منداڵ دەبینین دەنگە گوڵەبەڕۆژە چووەتە بۆری هەناسەیەوە بۆیە داواكارمان ئەوەیە ئاگاتان لە منداڵەكانتان بێت گوڵەبەڕۆژە لە بەردەمیان مەخۆن، نەك تەنها گوڵەبەرۆژە بەڵكو هەموو بابەتەكانی چەرەسات دەبێت نەدرێت بە منداڵی تاکو تەمەنی چوار ساڵ".

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا