بەهۆی پابەندنەبوونی بە مەرج و رێنماییەکان هەریەک لە کارگەکانی خوێی ئەتڵەس و کۆک لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی قەزای رانیەوە داخران.
قائیمقامیەتی قەزای رانیە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:" دواى ھەبوونى زانيارى ليژنە ھاوبەشەكانى قائيمقاميەتى قەزاى ڕانيە سەردانى كارگەكانى خوێى كرد بەمەبەستى پشكنينى خوێى يۆدكراو ، لە ئەنجامدا ھەردوو كارگەى خوێى ( ئەتڵەس ) و كارگەى خوێى ( كۆك ) داخران".
ئەوەشی خستەڕوو:"كارگەى خوێى ( ئەتڵەس ) ھەستاوە بە خستنە بازاڕى خوێى ( بێ يۆد ) ى ئاژەڵى و فرۆشتنى بە خوێى ( يۆد ) كراوى خواردن كە ئەمەش كاريگەرى خراپى تەندروستى ھەيە لەسەر ھاوڵاتيیان".
راشیگەیاند:" كارگەى خوێى ( كۆك ) ھەستاوە بە زياد كردنى ( يۆد ) بۆ خوێى ( بێ يۆد ) بە بێ بوونى ھيچ ئامێرێك و زياد كردنى ( يۆد ) بە شێوەيەكى ھەرەمەكى كە ئەمەش پێچەوانەى مەرج و ڕێنمايەكانى كاركردنە".
قائیمقامیەتی قەزای رانیە دەشڵێت:" ليژنەكەمان بڕيايدا بە داخستنى ھەردوو كارگەى ناوبرا و اجرائاتى ياسايى بەرامبەريان گيرايەبەر وە كۆكردنەوەى سەرجەم ئەو خوێ ( بێ يۆد )ە ئاژەڵيانەى كە لە شوێنە گشتيەكاندا دابەشكراون بە خوێى خۆراكى".
باسیلەوەشکرد:" لەكاتى بوونى سكالا ياخود گومان پەيوەندى بكە بە ليژنە ھاوبەشەكانى قائيمقاميەتى قەزاى ڕانيە بە ژمارە مۆبايلى ٠٧٧٠٨٥٩٣٠٠٠ ".