ئاسایشی سلێمانی باندێکی دزینی ئۆتۆمبێل ئاشکرادەکات و ئەندامەکانیان دەستگیردەکەن کە لەڕێگای تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە خەڵکیان فریوداوە و کاری تاوانکارییان ئەنجام داوە.
ئەمشەوی یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند:"دوای ئەوەی لەلایەن هاوڵاتی ( حەیدەر جەلال ) بەڕەگەز عەرەب ئاگادار کراینەوە کە ئۆتۆمبێلەکەی لە جۆری تۆیۆتا هایلۆکس ٢٠٢٢ لە ناوشاری سلێمانی دزراوە، پاش ڕەزامەندی دادوەر دەستبەجێ هێزەکانمان دەستیانکرد بەلێکۆڵینەوە".
ئاماژە بەوەشکراوە:" لەئەنجامی بەدواداچوون زانیاری بەدەست هات لەسەر ئەم رووداوە، لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا سەرجەم ئەندامانی ئەو باندە دەستگیرکران کە پێکهاتبوون لە هەر ٣ تۆمەتبار
( ع , ع ، م ) ، ( ه ، ح ، ح ) ، ( پ ، ک ، ح )بە ڕەگەز کورد تەمەنیان لە نێوان (٣٠-٣٥) ساڵدایە".
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت:" بەپێی لێکۆڵینەوەکان کاری ئەم باندە فریودانی ئەوکەسانەبووە کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە مامەڵەی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل دەکەن، بەو پاساوە ئەم فرۆشیارەیان لە شاری کەربەلاوە هێناوەتە سلێمانی و لەکاتی ( ترایی ) تاقیکردنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی لێی دەدزن".
هەروەها هاتووشە:" بۆ هەموو لایەکی رووندەکەینەوە سەرجەم تۆمەتباران رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە و پاش تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان ئۆتۆمبێلەکەش دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکەی".