بافڵ جەلال تاڵەبانی: حکومەتێکمان دەوێت كە پاراستنی مافی خەڵک ئامانجەكەی بێت

درێژتر لە هەواڵ 4 کاتژمێر پێش ئێستا

لەلایەن: ئاکار

Alternate Text

بابەتە سەرەکیەکە: بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە ستیڤ بێتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.

راگەیەندراوی فەرمی: نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە: لەدیدارێكدا كە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان ئامادەبوو، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا، پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و یەكگرتنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە تاوتوێكران.

ئەمەش هەیە: لە کۆبونەوەکەدا جەخت لە بەردەوامی گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان كرایەوە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی خزمەتگوزار.

چی دیکە: لەبارەی دۆخی سووریا و كوردانی رۆژئاوا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد، جەخت لە پاراستنی مافی هەموو نەتەوە و پێكهاتەكان بەتایبەت گەلی كورد دەكەینەوە و هەوڵەكانیشمان لەو پێناوەدا بەردەوامە، هیوادارین هەمووان بەرپرسانە مامەڵە بكەن و هاوبەشیی راستەقینە لە بەڕێوەبردنی وڵاتەكەدا پەیڕەو بكرێت.

زیاتر: پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان تەوەرێكیتری دیدارەكەبوو و لەوبارەیەوە بافڵ جەلال تاڵەبانی وتی، پێشتر باسمان لە هێنانەكایەی حوكمڕانییەكی دادپەروەر و خزمەتگوزار كردووە و ئێستاش دووپاتیدەكەینەوە، یەكێتی حکومەتێکی دەوێت كە پاراستنی مافی خەڵك و باشتركردنی ژیانیان ئامانجەكەی بێت، دوور لە جیاكاری خزمەتی هەموولایەك بكات و كار بۆ بەهێزتركردنی هەرێمەكەمان بكات، بە روانین و دیدگایەكی نوێوە هەوڵ بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بدات و كوردستان بەرەو ئاوەدانی و سەقامگیری ئاڕاستە بكات.

هاوکات: سەبارەت بە یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامیی هەوڵەكان بۆ بونیادنانی هێزێكی نیشتمانیی تۆكمە، سەرۆکی یەکێتی، ستایشی هاوكارییەكانی هێزەكانی هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریكای كرد و وتی، دەبێت هێزی پێشمەرگە بە بیركردنەوەیەكی نیشتمانییانە و دوور لە دەستتێوەردانی حزبی رێكبخرێتەوە، بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجە باڵایەش یەكێتی بەهەمووشێوەیەك پشتیوان دەبێت.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا