مەکگۆرک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سودانی کۆبووەوە

عێراق 16/01/2023

لەلایەن: هەردی فارووق

Alternate Text

ئەمشەو، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ رێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا کۆبووەوە.

ئەمشەوی دووشەممە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران رایگەیاند:"  محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران،  پێشوازی لە برێت مەکگۆڕک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناڤین وباکووری ئەفریقیا،  نێردراوی سەرۆکی ئەمریکا جۆو بایدن کرد.

ئەوەش هاتووە:" گفتوگۆکرا لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شێوازەکانی پتەوکردن و گەشەپێدانی لەسەر ئاست وبوارە جیاجیاکان، بەشێوەیەک کەلەخزمەتی بەرژەوەندیەکانی گەلی عێراق و ئەمریکادا بێت".

بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، سودانی جەختی لەئاراستەی حکومەت کردەوە بۆ کردنەوەی ئاسۆی هاریکاری لەگەڵ وڵاتانی دۆست وبرا لەپێناو گەرەنتیکردنی بەرژەوەندیەکانی گەلی عێراق و هەروەها توانای هێزە ئەمنیەکان دووپاتکردەوە بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر و پاراستنی ئەو سەقامگیریەی کەبەسایەی قوربانیدان لەسەر خاکی عێراق بەرجەستەکراوە.

لەلایەکی دیکەشەوە، مەکگۆڕک پشتگیری وڵاتەکەی دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنی حکومەتی ئێستا و بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی لەپێشکەشکردنی راوێژ بە هێزە عێراقیەکان لەشەڕی دژی داعش، هەروەها پێداگیری ئیدارەی ئەمریکا دووپاتکردەوە بەڕێکەوتنی ستراتیژی و چاکسازیەکانی حکومەتی عێراقی لەبواری وزە وژێرخانی ئابووری و رووبەربوونەوەی گۆرانکاریەکانی کەشوهەوا.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا