بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە رایگەیاند، لە نەخۆشخانەی منداڵانی هەڵەبجە شوێنی چۆڵ نەماوە و پێویستە بە زووترین کات نەخۆشخانەیەکی دیکە بۆ منداڵی نەخۆشی دیکە، دەشڵێت، نەخۆشخانەی دیکە پێویستی بە کارمەند و دکتۆر هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش ١٣٠ خۆبەخش هەن تا ببنە فەرمانبەری حکومەت.
د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە"رۆحی منداڵانی هەڵەبجە لەناو لەشێکی گەرم و ملێکی ڕەقی نەچەماوەدا چاوەڕێی چارەنووسی ئەو ١٣٠ خۆبەخشەن تا ببنە فەرمانبەری حکومەت و بە دڵێکی ئاسوودەوە خزمەتیان بکەن".
ئەوەشی خستووەتەڕوو:"چارەنووسی ئەو ناوانە چارەنووسی منداڵە خەوێنراوەکانی ناو نەخۆشخانە دیاری دەکەن، شوێنی چۆڵ نەماوە لە نەخۆشخانەی منداڵان پێویستە نەخۆشخانەیەکی تر دابین بکەین بەڵام بە بێ کارمەند ئەستەمە".
دەشڵێت:"داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەکەم ئەگەر باوانی ئەو منداڵە هەڵەبجەییانە بە کورد دەزانن، ئەوا رەزامەندی بدەن لە سەر ئەو ١٣٠ کەسەی نەخۆشخانەی بیارە کە ناوەکانیان لە ئەنجومەنی راژەیە، بۆ ئەوەی خزمەتی نەوەکانی داهاتووی هەڵەبجە بکەن".
د.ئازاد مستەفا دەشڵێت، وەک بەڕێوەبەری دهۆک و زاخۆ و هەولێر و سۆران لێپرسراویەتی لەسەر شانە و داواش دەکات، هیچ "پەرلەمانتارێکی خۆبەرە پێشەوە" پێیان نەڵێت ئەو خۆبەخشانە لەسەر داهاتی ناوخۆ دابمەزرێنن.