لەپێناو گەڕانەوە مێسی بەرشەلۆنە پێنج یاریزان دەفرۆشێت

وەرزش 06/05/2023

Alternate Text

یانەی بەرشەلۆنە ئامادەیە لەم هاوینەدا لەپێناو گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی پێنج یاریزانی یانەکەی بفرۆشێت.
رۆژنامەی دیپەرتیڤۆی ئیسپانی و نزیک لە یانەی بەرشەلۆنە بڵاویکردەوە:" یانەی بەرشەلۆنە لە هاوینی ئەمساڵدا دوایین هەوڵی خۆی بۆ گەڕاندنەوەی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی دەدات".
ئاماژەی بەوەشکرد:" هەوڵەکەی بەرشەلۆنە ئەوەیە، کە نیازی وایە پێنج یاریزان بفرۆشێت لە پێناوی بەدەستهێنانی بڕی ئەو پارەیەی بۆ کڕینەوەی مێسی پێویستە، کە ئەوانیش بریتین لە هەریەکە لە فرانک کیسێ، ئێریک گارسیا، فێران تۆرێس، مارکۆ ئەلۆنسۆ و رافینیا".
لەدوای کرانەدەرەوەی یانەی پاریس سان جێرمان لە قۆناغی ١٦ی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا، جارێکی دیکە رەخنەیەکی زۆر ئاڕاستەی مێسی کرا و دوای ئەوەی بەبێ پرسی یانەکەشی لە چەند رۆژی رابردوودا بە گەشتێک گەیشتە وڵاتی سعودییە، هاندەرانی یانە فەڕەنسییەکە بە تەواوەتی لە یاریزانە ئەرجەنتینییەکە توڕەبوون.
توڕەبوونی هاندەرانی پاریس بەشێوەیەک بوو کە خۆپیشاندانی فراوانیان ئەنجامدا و داوای رۆیشتنی ناوبراویان دەکرد، لە کاردانەوەی ئەم کارانەشدا، لیۆنێل مێسی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لێبوردنی لە یانەکەی کرد.
هەموو ئەم پێشهاتانە، دەنگۆی گەڕانەوەی یاریزانەکە بۆ بەرشەلۆنە گەرمتر دەکەن و لە ئێستادا میدیاکانی کەتەلۆنیا گرنگییەکی زۆر بە بابەتی گەڕانەوەی مێسی بۆ یانەی بەرشەلۆنە دەدەن.

ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا