توێژینەوەیەکی نوێ ژیانی بە هەزار توشبووی شێرپەنجە رزگار دەکات

تەندروستی 08/05/2023

لەلایەن: lawan

Alternate Text

شێرپەنجەی پەنکریاس، بە یەکێک لەو جۆرانەی شێرپەنجە دادەندرێت، کە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا، لە قۆناغە مەترسیدارەکانیدا لەلایەن پزیشکانەوە دەستنیشاندەکرێت، بەڵام لە توێژینەوەیەکی نوێدا پسپۆڕانی زانکۆیەک ئەم هاوکێشەیان پێچەوانە کردووەتەوە، بەوەی دەتوانن توشبوونی کەسێک بە شێرپەنجەی پەنکریاس، دوو مانگ بەر لە مەترسیداربوونی قۆناغەکەی دەستنیشان بکەن، کە ئەمەش دەتواندرێت ژیانی بە هەزار کەسی پێ رزگاربکرێت.

ماڵپەڕی ( Express) لە راپۆڕتێکیدا بڵاویکردووەتەوە:" لە توێژینەوەیەکی نوێکدا سەبارەت بە شێرپەنجەی پەنکریاس، کە لە زانکۆی ئۆکسفۆڕد لەسەر زیاتر لە هەزار توشبووی شێرپەنجەی پەنکریاس ئەنجامدراوە، تواندراوە دوو نیشانە بۆ دەستنیشانکردنی توشبوونی کەسێک بەوجۆرەی شێرپەنجە لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا دەستنیشانبکرێت".

د.ویتشی لیاو، کە یەکێکە لە دەستەی پسپۆڕانی ناو توێژینەوەکە دەڵێت:" لە توێژینەوەکەدا، تواندراوە دوو نیشانە لەنێوان هەموو توشبووەکاندا تێبینیبکرێت و دوای لێکۆڵینەوەی زیاتریش لەبارەی ئەو دوو نیشانەیەوە، دەرکەوتووە، هەموو توشبوویەکی شێرپەنجەی پەنکریاس لە قۆناغەکانی سەرەتای توشبوونی بە شێرپەنجەکە ئەم دوو نیشانەیەی تێدا دەردەکەوێت، کە ئەوانیش، بریتیین لە بەردەوام تونیبوون و تۆخبوونەوەی رەنگی میز".
ئەو پسپۆڕە دەشڵێت:" هەر کاتێک کەسێک هەستی کرد، ئەم دوو نیشانەیەی تێدایە، باشتروایە بە زووترین کات، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات، بۆ دڵنیابوونەوە لە نەخۆشییەکەی و تەندروستی". 

لەلای خۆیەوە، بیبا کوری، راوێژکاری پسپۆڕانی نەخۆشییە وەرەمەکانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ئەدینبروک لە بەریتانیا ئاماژەی بەوەکردووە:" دەستنیشانکردنی توشبوونی کەسێک بە شێرپەنجەی پەنکریاس، لە قۆناغەکانی سەرەتاییدا دەسکەوتێکی زۆر گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی و دەتوانێت ژیانی بە سەدان هەزار کەس لەسەر زەوی رزگاربکات، چونکە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا، کاتێک توشبوونی کەسێک بەو جۆرەی شێرپەنجە دەستنیشاندەکرێت، شێرپەنجەکە لە قۆناغە مەترسیدارەکانیایەتی دەرفەتی رزگاربوونی کەسەکە لەو شێرپەنجەیە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، یاخود دەتواندرێت بە ئەستەم دابندرێت، کە بتوانێت توشبووەکە شێرپەنجەکە تێبپەڕێنێت و کاریگەری لێکەوتەکانی لەسەر نەمێنێتەوە".
بیبا کوری هۆشداریش دەدات و دەڵێت:" چەند نیشانەیەک هەیە، کاتێک لەکەسێکدا دەستنیشاندەکرێن، واتە ئەو کەسە توشبووی شێرپەنجەی پەنکریاسە و شێرپەنجەکەش لە قۆناغە مەترسیدارەکانیایەتی، بۆیە دەبێت دەستبەجێ ئەو کەسە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات، کە نیشانەکان بریتیین لە : 

١- زەردبوونی سپێنەی چاو و رەنگی پێست

٢- وشکبوونەوەی ناوچە ناوچەی پێست

٣- لەدەستدانی هەستی برسیبوون و کەمبوونەوەی کێش

٤- بەردەوام هەستکردن بە ماندوویەتی
٥- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بە بەردەوامی

٦- هەستکردن بە ئازاری بەردەوام، لە بەشی سەرەوەی جەستە
٧- درەنگ هەرەسبوونی خۆراک لەناو گەدەدا".






ئه‌مانه‌ش ببینه

‌‌مەڵتیمیدیا