دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی
تووشبوونی عادل ئیمام بە نەخۆشی زەهایمەر، هونەرمەندێکی هاوڕێی لەوبارەیەوە
روونکردنەوەی دا.
هونەرمەندی بواری
رۆڵگێڕان شیرین لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند:" عادل ئیمام بە هیچ شێوەیەک تووشی
نەخۆشی زەهایمەر نەبووە و من بەردەوام لە پەیوەندیدام لەگەڵی".
ئاماژەی بەوەشکرد:"
من تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەمەوە کە لەوبارەیەوە بڵاودەکرێنەوە و هەروەها
رێزێکی زۆریشم بۆ خانەوادەی ناوبراو هەیە و ئیدانەی ئەو هێرشە ناڕەوایانە دەکەم کە
بە بیانووی رێگریکردن لە عادل ئیمام کرابووە سەریان".
لەماوەی چەند هەفتەی
رابردوودا دەنگۆی تووشبوونی عادل ئیمام بە زەهایمەر بڵاوبووەوە، ئەمەش دوای ئەوەی مادلین
تەبەری هونەرمەند دەنگۆی ئەوەی بڵاوکردەوە، کە خانەوادەی عادل ئیمام رێگری دەکەن
لەوەی خەڵک چاوی بە ناوبراو بکەوێت.
عادل ئیمام لە مانگی نیسانی ١٩٤٠ لە شاری مەنسوریەی میسر
لەدایکبووە و دەرچووی کۆلێژی کشتوکاڵییە، سەرەتای دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ بەشداریکردنی
لە شانۆگەرییەکانی زانکۆکەی و بە رۆڵبینینی وەک پاڵەوانی شانۆیی قوتابخانەی گێرەشێوێنەکان
ناوبانگێکی زۆری لەناو خەڵکیدا پەیدا کرد.
شایەنی باسە لە سەرەتای دەستپێکردنی بە
کاری هونەری، عادل ئیمام تاوەکو ئێستا بەشداری زیاتر لە ١١٠ بەرهەمی سینەمایی و
شانۆیی و تەلەڤیزیۆنیدا کردووە.