کردنەوەی بەشی گرافیک
دیزاین لە زانکۆی سلێمانی راگەیەندرا و بڕیارە لە ماوەکانی داهاتووشدا دەست بە
خوێندکار وەرگرتن بکرێت.
بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر د.کۆسار محەمەد، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و
یاریدەدەرەکانی و مامۆستایان و فێرخوازان، بەشی گرافیک دیزاین لە کۆلێژی
هونەرەجوانەکانی زانکۆی سلێمانی وەک بەشێکی نوێ کرایەوە.
کاوە جەمال یاریدەدەری سەرۆکی
زانکۆی سلێمانی بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی کە هاوکات سەرپەرشتیاری کۆلێژی
هونەرە جوانەکانە لەوبارەیەوە رایگەیاند:" ئەمساڵ
بەشی گرافیک دیزاین بەشێوەی راستەوخۆ خوێندکار وەردەگرێت بە فۆڕم، دواتر
چاوپێکەوتن لەگەڵ خوازیارەکان دەکرێت، کە ئەویش لەسەر بنەمای ئارەزو و مەرجی
زانینی زمانی ئینگلیزی دەبێت".
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی
زانکۆی سلێمانی، خوێندن لە بەشی گرافیک دیزاین بە زمانی ئینگلیزی
دەبێت. بەشەکە بە هاوکاری پەیمانگای گۆتەی ئەڵمانی لە زانکۆی سلێمانی دەکرێتەوە و
مامۆستاکانی بریتی دەبن لە مامۆستایانی زانکۆی برێمەری ئەڵمانی و مامۆستایانی
کۆلێجی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سلێمانی.
هاوکات شیروان عەلی حەمەخان، مامۆستای بەشی گرافیک دیزاین لە زانکۆی
سلێمانی، لەبارەی کردنەوەی بەشەکە وتی:" بەشی گرافیک دیزاین کۆلێژی هونەری
زانکۆی سلێمانی فراوان دەکات، چونکە بەشێکی گرنگ و سەردەمییە و هەموو زانکۆ
پێشکەوتووەکانی جیهان بەشی گرافیک دیزاینیان هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەم بەشە هاوکاری دروستکردنی هەلی کار دەبێت
لە بازاڕدا، چونکە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی کلتورییە و چەندین کۆمپانیا و
رێکخراو و میدیای نوێی تێدایە، بەڵام هیچ شوێنێک نیە کادری بواری گرافیک دیزاینیان
بۆ پەروەردە بکات، بۆیە زانکۆی سلێمانی بەم کارە گرنگە هەڵدەستێت و لە هەموو
شارەکانەوە خوێندکار وەردەگرێت".
شایەنی باسە ئەمساڵ زانکۆی سلێمانی دوو بەشی نوێ و سەردەمییانەی
کردووەتەوە کە ئەوانیش بەشەکانی ئەندازیاری کۆمپیوتەر و گرافیک دیزاینین.